بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی ھەڵبژاردن و بوودجە، پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە

بەغدا-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا لەبارەی دوو پرسی گرینگەوە كۆ ببێتەوە، ئەوانیش بوودجە و ھەڵبژاردنەكانن، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێ، ئەگەر ئەمڕۆ بگەنە رێككەوتن، سبەی ھەردوو پڕۆژەیاساكە دەخرێنە بەرنامەی كارەوە.
ماوەی چەند حەفتەیەكە پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوە و ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ھەردوو پڕۆژەیاسای بوودجە و ھەڵبژاردنەكان پەسەند بكات، بەڵام تاوەكوو ئێستا لەسەری نەگەییشتوونەتە رێككەوتن و ناكۆكی لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا ھەیە لەسەر ھەردوو پڕۆژەیاساكە.
لەو بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەرحان سلێڤانەیی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بڕیارە سەعات ١ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق جارێكی دیكە لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراقدا كۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ھەردوو پڕۆژەیاسای بوودجە و ھەڵبژاردنەكان، ئەگەریش لەسەری بگەنە رێككەوتن، سبەی ھەردوو پڕۆژەیاسا دەخرێنە بەرنامەی كار و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
لەبارەی ئەوەی تا چەند ئەگەری رێككەوتن ھەیە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا داواكارییەكانی ئێمە و سوننە جێبەجێ نەكراون، بۆیە ھەردوو لامان ئامادە نین بە بێ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە بدەین و یەكلاكردنەوەی ئەم پرسەیش ئەمڕۆ زۆر ئەستەمە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەكانیش، ئێمە كێشەمان لەگەڵیدا نییە، بەڵام سوننەكان بە ھەموو شێوەیەك دژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانن لەو وادەیەدا، بۆیە ئەستەمە ئەمەیش یەكلا بكرێتەوە، چونكە ئەگەر سوننە رازی نەبن، ئەو كات دەستەڵات لە عێراق بە تەنیا لە دەست شیعەدا دەبێت و، ئەمەیش وا دەكات گومان لای نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتان دروست ببێت، بۆیە زۆر زەحمەتە ھەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن و دوا دەكەون".
بڵند ئیبراھیم




