١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، داوا دەكەن تا كاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەكانیان و دەركردنی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی، هەڵبژاردن بەرێوە نەچێت و دەڵێن، بوونی ژمارەیەكی زۆری میلیشیا شیعەكان لەو ناوچانە و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئێران، هۆكاری ئەو داواكارییەیانە.

مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا، لە ڕاگەیێندراوێكدا كە وێنەیەكی دراوەتە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاندووە، "لە ئەنجامی ئەو دۆخە خراپەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە لە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبن و بوونی میلیشیاكانی ئێرانی لەو ناوچانە و بەردەوامیی سیاسەتەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كڕینی بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننەی سەر بە ئێران بە مەبەستی جێبەجێكرنی پڕۆژەكانی لە كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی سوننە و جێبەجێكردنی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و راگواستنی دانیشتوانی رەسەنی ناوچەكە بە پاساوی داعش لە لایەك و لە رێگەی میلیشیاكانی ئێرانی لە لایەكی دیكەوە، هەروەها تا ئێستایش زۆرینەی سوننە ئاوارەن دوای ئەوەی ئێران و داعش و دارودەستەكانیان شارەكانی سوننەیان وێران كردن، بۆیە لێرەدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان داهاتوو دەكەین."

 هەر لە ڕاگەیێندراوەكەدا، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ئاماژە دەدات، "داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە عێراق تا دوای ئاساییبوونەوەی ناوچەكانمان و وەدەرنانی میلیشیاكانی ئێرانی لێیان دەكەین، چونكە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو دۆخەی ئێستادا شەرعییەتی نییە و ئێران و حكوومەتی عێراق سوننە ناچار دەكەن بۆ دەنگدان بۆ لیستە تایفییەكانیان، لەوانەیش لیستەكانی سەر بە میلیشیاكانی ئێران بە تایبەتی عەبادی ژمارەیەك پارتی سوننەی لە مووسڵ دامەزراندووە بۆ دەستوەردان تێیدا و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانیان و بواردان بەو پەرلەمانتارانەی سوننە كە پێشتر بەرگرییان لە داعش دەكرد و لە گۆڕەپانەكانی مانگرتنیش سەركردە بوون بۆ چوونەناو هەڵبژاردنەكان."

ئەلحوێت هەروەها دەشڵێت، "پەیاممان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەیە، پێویستە سەربەخۆ بێت لەو ململانێیانەی هەن بەرپرسیارانە ڕەفتار بكات، داوایشی لێ دەكەین مووسڵ بۆ خەڵكەكەی جێ بهێڵێت، لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن كێ وەك نوێنەرانی خۆیان دیاری بكەن بۆ شارەكەیان".

بڕیار وایە لە 12ـی مانگی 5ـی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچن، سوننەكانیش هەر زوو بە فەرمی داوایان كرد بە هۆی ئاوارەیی زۆرینەی سوننە و وێرانبوونی ناوچەكانیانەوە، هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار