١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و بودجەوە بێ ئەنجام بوو.

ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو پرسی گرنگ کۆ بوونەوە، ئەوانیش پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم ساڵدا.

لەم بارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، چونکە نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێک لەبارەی ھەردوو پرسەکە. کورد داوای کرد کە پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجە داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت، ئەگەرنا دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادات و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە کورد کێشەی نییە و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە."

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "سوننەکان بە ئاشکرا داوا دەکەن ھەڵبژاردنەکان دوا بخرێن، بۆیە نەیانتوانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی پێ ھات."

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بڕیارە کۆتایی ھەفتە، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئەوکاتە نە بودجە و نە یاسای ھەڵبژاردنەکان ناخرێنە بەرنامەی کارەوە."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار