١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كێشەی نێوان ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و پارێزگار، كاروباری ئیداریی پەك خستووە

سەرچاوە: KDP.info
 
مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، كێشەی نێوان پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بەردەوامە و، ئەمەیش بووەتە ھۆی ئەوەی كاروباری ئیداریی ئەو پارێزگایە بوەستێت.
 
ماوەیەك پێش ئێستا، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ پارێزگاری مووسڵی لە پۆستەكەی دوور خستەوە و دواتریش پارێزگار تانەی لەو بڕیارە دا و دادگا لەكارلادانی رەت كردەوە، دوای ئەمەیش سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری لادانی پارێزگاری دەركرد، بەڵام ئەمە پێویستی بەوە ھەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ پەسەند بكرێت.
 
لەو بارەیەوە، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ لادانی پارێزگاری مووسڵ، پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئەو بڕیارە پەسەند بكات و چوار جاریش ھەوڵی داوە، بەڵام نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو نەبووە و سەركەوتوو نەبوونە، بۆیە كێشەكە بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە".
 
چەتۆ گوتیشی، "پێوستە پارێزگار دوای لادانی جێگرەكەی كاروباری ئیداری بەرێوە ببات، بەڵام پارێزگار رازی نییە و لە شوێنی خۆی ماوە، ئەمەیش وای كردووە كاروباری ئیداریی پارێزگای مووسڵ بوەستێت".
 
سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان ڕوونیشی كردەوە كە، مووسڵ بە شێوەیەكی گشتی و دەشتی نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورە، بە ھۆی شەڕی داعشەوە خاپوور بوونە و پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوە ھەیە، بەڵام تاوەكوو ئێستا حكوومەتی عێراق ھیچ بڕەپارەیەكی بۆ تەرخان نەكردوون و حكوومەتی خۆجێییش ھیچ پڕۆژەیەكی ئەنجام نەداوە، لە كاتێكدا ئەو ناوچانە بە بێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەناڵێنن.
 
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار