سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و چەند لیژنەیەکی پێوەندیدار، رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک کراوە. باسە گەرمەکە لەسەر هەڵبژاردنەکان و پرۆژەیاسای بوودجە بووە.
کۆبوونەوەی دوێنێ (چوارشەممە)ی پەرلەمانی عێراق، بە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییی ئەندامانی، نەکرا. کورد، سوننە و پەرلەمانتارانی پارێزگای بەسرە بەو هۆیەی تێبنییەکانیان لە ناو پرۆژەیاسای بوودجەی ئەمساڵی عێراقدا لەبەرچاو نەگیرابوو، ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون.
دوای ئەوەی رێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان تەواو نەبوو، سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و چەند لیژنەیەکی پێوەندیداری پەرلەمان کۆ بوونەوە و، لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن.
ئەوان رێککەوتوون کە تا ئەو کاتەی تێبینیی لایەنە ناڕازییەکان لەناو پرۆژەیاساکانی بوودجە، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جێبەجێ نەکرێت، بە هیچ شێوەیەک ئەو پرۆژانە نەخرێنە ناو بەرنامەی کاریی پەرلەمانەوە.
بێریڤان خەیلانی بەرپرسی پێوەندییەکانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە دەکات.
بێریڤان خەیلانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان روون دەکاتەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان، بەردەوامبوونی کۆبوونەوە گشتییەکانی پەرلەمانە تا ئەو کاتەی رێککەوتن لەسەر پرۆژەیاساکانی بوودجە و هەڵبژاردنەکان دەکرێت.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی، میوانداریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی کوتلەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەڕێوە بچێت. جیا لەمەش، کۆبوونەوەیەکی دیکەی تایبەت بە هەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت و کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە تێیدا ئامادە دەبن. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک دەکرێ و "پێویستە دوای ئەو کۆبوونەوەیە و لە ماوەی مانگێکدا" لایەنەکان بە رێککەوتن بگەن.
کاوە جەم




