دەستەڵاتدارانی ئێران ئەوەیان هاتە سەر ڕێ کە لێی دەترسان

ههولێر-KDP.info- لە شەشەم رۆژی خۆپێشاندانەکانی چەندین شار و شارۆچکەی ئێران، دروشمی خواستی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، شەقامەکانی تەنیوە و چەندین کەسایەتیی دیاری ئێرانی پشتیگرییان لێی کردووە. خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند رۆژە توندوتیژیی لێ کەوتووەتەوە و تا ئێستا بە دەیان خۆپێشاندەر گیانیان له ست داوە و سەدان کەسیش دەستبەسەر کراون.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە پێنجشەمەی رابردوو لە شاری مەشهەدەوە بهرپا كرا و دواتر بە دەیان شارۆچکە و ناوەندی پارێزگاکانی گرتەوە، پێی نایە شەشەم رۆژی خۆیەوە. دروشمی خۆپێشاندەران سەرەتا بەرهوڕووی سیستەمی کارگێڕی و دارایی دەکرایەوە، بەڵام دواتر بۆ دروشمی سیاسی گۆڕدران و تەنانەت داوای بەجێهێشتنی دەستەڵات لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران کرا.
خواستی ریفراندۆم
خۆپێشاندانەکان تارانی پایتەختیشی گرتەوە و وەک میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا سەرووی ٤٥٠ کەس دەستگیر کراون و نزیک بە ٢٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە. دروشمی خۆپێشاندەرانی تاران زۆر بوون، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەموو دروشمەکان بە دەنگی بەرز دەگوترایەوە، "ریفراندۆم، ریفراندۆم، دروشمێکی دیکەمانە" بوو.
زۆری نەخایاند کە چەندین کەسی ناوداری ئێرانی، پشتیوانیی خۆیانیان بۆ ریفراندۆم لەو وڵاتەدا دووپات کردەوە. جەعفەر پەناهی دەرهێنەری ناوداری ئێرانی، یەکێك لەو کەسانەیە داوای کردووە بۆ دەرکەوتنی "پێگەی جەماوەریی رژێم" رێفراندۆم بەڕێوە بچێت.
ئەو دەرهێنەرە ئێرانییە کە سێ جار براوەی فێستیڤاڵی فیلمی کان بووە، دەڵێ، "ئەگەر باوەڕتان بە پێگەی جەماوەریی رژێم هەیە، رێگە بدەن ریفراندۆم بەڕێوە بچێت. ئاشتیخوازانەترین رێگە، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمە. ئەگەر ریفراندۆمیش پارەی دەوێ و ئێوە نیتانە، بەبێ لەشکرکێشی رێگە بدەن رۆژێک لایەنگرانی حکوومەت و رۆژی دواتری خەڵکانی دیکە خۆپێشاندان بکەن، هەڵبەت لە کەشێکی ئارام و بێ تێکهەڵچوون."
پەناهی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی، "ئەگەر سیستەمێکی سیاسی خاوەن پێگەی جەماوەری بێت، پێویستی بە لەشکرکێشی نییە. ترسەکە لە لەشکرکێشییەوە بەدیار دەکەوێ و ئەمەش بە واتای نەبوونی پێگەی جەماوەرییە."
پەناهی دەڵێ، "ئەگەر رێگە بە خۆپێشاندانی ئازادانە بدرێ، تەنانەت خوێن لە لووتی کەس نایەت و دواتر بەرپرسانی وڵات دەتوانن لەبارەی پێگەی جەماوەریی رژێم و خۆشەویستییەکەی، بڕیاری خۆیان بدەن."
کوچکی گەرمتر لە ئاگر
ئێران بەتایبەت لە دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، پڕ بە دڵی خۆی تەڕاتێنی لە عێراقدا کرد. بەرپرسە باڵاکانی ئێران بە دەیان جار دووپاتیان کردووەتەوە کە "کۆتاییان بە نەخشەی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم" هێناوە. مەبەستی دەستەڵاتدارانی تاران لە "ئیسرائیلی دووەم"، هەرێمی کوردستانە.
حکوومەتی بەغدا بە هاوکاری و راوێژکاریی بەرپرسانی سیخوڕی و سەربازیی ئێران و لەوانە قاسم سلێمانی، لەشکرکێشییان بۆ سەر ناوچهگهلێكی باشووری کوردستان کرد. دوای ئەمە حکوومەتی تاران پاڵی دایەوە و باسی لە سەرکەوتنەکانی دەکرد، بەڵام دواجار خواستی ریفراندۆم ناو وڵاتی خۆیشی گرتەوە.
بەرپرسانی تاران رێوشوێنی جیددیان بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان گرتووەتەبەر و ئەمەشیان تانەت لە نێو عێراقدا جێبەجێ کردووە.
تۆڕی میدیایی عێراقی داوای لە میدیا حکوومییەکان و ئەوانەی لە ناو وڵاتدا کار دەکەن کردووە، بە هیچ شێوەیەک رووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران رووماڵ نەکەن و تەنانەت رای خۆیشیان لهوبارهوهیهوه دەرنەبڕن. ئەم بڕیارە دەستداودەست لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕدرێ.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە ئێران، حکووومەتی بەغدا بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاندووە. حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو هەنگاوەی بەغدا کردووە.
شەشەم پەیامی ترامپ
ئەمڕۆیش خۆپێشاندان لە دەیان شار و شارۆچکەی ئێران بەڕێوە چووە و، بەپێی زانیارییهكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا حکوومەتی تاران هێزە ئەمنییەکانی بە تەواوی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە نیازی خۆپێشاندانی پێچەوانەیە. ئەو خۆپێشاندانە زۆرەملێیە بە کارمەندانی حکوومەت دەکرێ و بە شێوەیەک بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی رۆژانی رابردووە و هەروەها پەیامێکیشە بۆ دنیای دەرەوە.
ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپایی وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا "نیگەرانی"ی خۆیانیان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران دەربڕیوە و هاوکات داوایشیان کردووە، حکوومەتی تاران رێز لە مافی خۆپێشاندانی ئاشتیانە بگرێ.
لە دوانووسینی خۆیشیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە کە "مافی مرۆڤ پێشێل کراوە". ترامپ لە شەشەم پەیامی خۆی لەبارەی رووداوەکانی ئێرانەوە نووسیویەتی، "دواجار خەڵکی ئێران دژی گەندەڵی وەستانەوە. تەواوی ئەو پارە و ئیمکاناتە ماددیانەی دەوڵەتی ئۆباما خستییە بەردەست ئێران، لە پشتگیریی تیرۆریستیان خەرج کراوە یان چووەتە ناو گیرفانی بەرپرسانەوە. خەڵکی ئێران برسییەتی، هەڵاوسانی ئابووری هەیە و مافی مرۆڤ بە تەواوی پێشێل کراوە."
کاوە جەم






