مێدیاكانی ئهمهریكا: "ئەمەریکا چاوی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێرانە"

هەولێر-KDP.info- حاکمی ویلایەتێکی ئەمەریکا وەک کۆمارییەکان دەڵێ، ساتەوەختی پشتگیریکردنە لە سەربەخۆیی و ئازادیی ئێران. مێدیاکانی ئەمەریکایش دەڵێن، وڵاتەکەیان چاوی بڕیوەتە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی ڕژێمی ئێستای ئێران بگۆڕدرێت.
خۆپێشاندەرە ئێرانییەکان لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە وێنە گیراون، بە ئاشکرا دەڵێن، یاریی ڕیفۆڕمخوازان و موحافزکارانی دەستەڵاتدارانی ئێران کۆتایی هات.
مێدیای ئەمەریکا و بەریتانیا کە بە وردی چاودێریی خۆپێشاندەران دەکەن، بایەخی زۆریان بەو دروشمانەی خەڵک داوە، کە داوای گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانیی ئێران دەکەن و دەیانەوێ دەستەڵاتی ئێستای ئێران کۆتایی بێت.
ئەگەرچی ڕووداوی کوشتن لەو خۆپێشاندانە بە ئەنازەیەکی گەورە نییە و بە فەرمی تا ئێستا ٥ کەس وەک کوژراو تۆمار کراون، بەڵام دەستگیرکردنی خەڵکی خۆپێشاندەر ڕێژەکەی بەرزە. فۆکس نیوز نووسیویەتی، دەنگی تەقە لە پشتەوەی خۆپێشاندەران دەبیسترێ و ئەمانەش پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، بۆیە ئەگەر ڕەوشەکە وەها درێژەی هەبێ، ئەوا کوشتن و گرتن زۆر دەبێ و دۆخەکە لە دەست دەسەڵاتی ئێران دەردەچێ.
بەگوێرەی فۆکس نیوز و سێ ئێن ئێن و میدیای دیکەی ئەمەریکا، ئەو خۆپێشاندانەی کە لە ئێران دەکرێ زیاتر لە سیناریۆیەک هەڵدەگرێ، هۆکارێکی بە شۆڕشی برسی ناو بردووە، کە خەڵک لە دۆخێکی ئابووریی خراپدان، بەڵام دەستەڵاتدارانی ئێران گوێیان بە ئابووریی خەڵک نەداوە و پارەیان لە دەرەوەی ئێران بۆ پارێزگاریکردن لە میلیشیکان بەهەدەر داوە.
هۆکارێکی دیکە بۆ بێزاربوونی خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە لە سیاسەتی رژێمی ئێستای ئێران و دەیانەوێ ئەو رژێمە بگۆڕن. میدیاکان دەڵێن، ماوهیەک بوو ئێران دەیگوت، بومەلەرزەیەکی سروشتی لە تاران دەدات و بەو هۆیەوە خەڵکی زۆر دەمرن و کارەسات ڕوو دەدات، بەڵام ئەم جارە بومەلەرزەیەکی جەماوەری لە ئێرانی دا و خەڵک دەڵێن با ئەم دەستەڵاتە کۆتایی بێت و بڕوات.
میدیای ئەمەریکا شڕۆڤەی ئەوەیشیان کردووە، لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو خۆپێشاندانە گومانی پێکدادانی سەربازی دەکرێت.
ئێران لە هەوڵی سنووردارکردنی ئەو خۆپێشاندانەدایە، ئێستا سەرجەم کەناڵهكانی سۆشیال مێدیای سنووردار کردوون، وەک مۆبایل و ئینتەرنێت و کەناڵی دیکەی پێوەندیکردن.
فوکس نیوز شیکردنەوەی بۆ ئەمەیش کردووە و پێی وایه، کە ڕەنگە ئەم سنووردارکردنە بۆ ئەوە بێت کە ئێران بییەوێ، بە ڕێگەی سەربازی ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لەگەڵ خۆپێشاندەراندا بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکی پێگەی ئەسۆشیەیتید پرێس، لە پێنجەشەممەی ڕابردووەوە ٥٠ کەس دەستگیر کراون. بەگوێرەی پێگەکە لە نێو خۆپێشاندەراندا ناوی شای ئێران دەبیسترێ، کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە کۆتایی بە حوکمڕانییەکەی هات.
لە بەرانبەر خۆپێشاندەراندا ئێران سیاسەتی پێچەوانە ڕەچاو دەکات، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز لە تاران، ئێران دەیان هەزار کەسی هێناوەتە سەر شەقام و ئەوانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەڵێن پشتیوانی لە ڕژێمی ئێستای ئێران دەکەن.
ئێستا دەستەڵاتدارانی ئێران فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ خۆپێشاندەران دەرکردووە، لە هەر شارێکدا بەگوێرەی بەرنامەیەکی بۆدارێژراو خەڵکی دەستگیر دەکرێن.
پرۆفیسۆر (ئیڤان ساشا) لە زانکۆی بالتیمۆر کە بەڕێوەبەری پرۆگرامی خوێندنی باڵایە بۆ کاروباری جیهانی و ئاساییشی مرۆیی، بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووه، پێویستە سەرۆکی ئەمەریکا لە یەکەم هەنگاویدا پشتگیریی تەواوی ئەمەریکا بۆ ئەو خەڵکە ڕابگەیەنێت، کە ئێستا دژی حکوومەتی ئێران وەستاونەتەوە و لە پشتی ئەو خەڵکە بوەستێت، تا ئامانج دەپێکن لە گۆڕینی ئەو ڕژێمەی ئێستای ئێران.
بەگوێرەی بۆچوونی ئەو پرۆفیسۆرە، ئاشکرایە کە خەڵک داوای گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەکهن و دەبێ ئەمەریکا له وا دۆخێكدا پشتیان بگرێ.
سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ)، بە چەند وشەیەک گوزارشتی لەو خۆپێشاندانە کردووە و ڕایگەیاندووە، کە لە کۆتاییدا خەڵکی ژیرانە لەوە گەیشتن کە پارە و سامانیان لە لایەن دەستەڵاتدارانی ئێرانەوە بۆ پاڵپشتیی تیرۆر بەهەدەر دراوە.
حاکمی ویلایەتی تکساسی ئەمەریکا، (وێل هارد)یش دەڵێ، بە پێویستی دەزانین کە پاڵپشتی لە ئێرانێکی سەربەخۆ و ئازاد بکەین، کاتیەتی پاڵپشتی لە گەلی ئێران بکەین، ئەو خۆپێشاندانە بۆ گۆڕینی رژێمی ئێرانە کە سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە.
شاو





