پارتی دەخوازێ لە ساڵی نوێدا سزاکان لەسەر کوردستان هەڵگیرێن و قەیرانەکان کۆتاییان بێ

هەولێر-KDP.info- مەکتبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵی نوێ دەخوازێ فشاری ئەو سزا ناڕەوایانە لەسەر گەلەكەمان هەڵگیرێن و مەینەتی و قەیران كۆتاییان بێت و گەلی كوردستان بەو ژیانە بەكەرامەت و ئاسودەیە بگەن كە شایستەیانە.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی، پیرۆزبایی گەرم لە تێكڕای گەلی كوردستان و جیهان دەكەین بەو هیوایەی ساڵی نوێ سەرەتای كۆتایی مەینەتی وهاتنەدی ئاواتەكانی میللەتەکەمان بێت.
بە شێوەیەكی زۆر تایبەت پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دلێرەكان دەكەین كە لە سەنگەری بەرگری لە شكۆ و سەرفرازی نەتەوەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و دیموكراسیدان.
هیواخوازین لە ساڵی ٢٠١٨ دا گوزەرانی سەختی رۆڵەكانی گەلەكەمان كۆتایی بێت و ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن. كوردستان بكەوێتەوە سەر راستەڕێی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئایندەی گەشەوە ..
ئومێدەوارین ساڵی نوێ ساڵی قوڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم رۆڵەكانی گەلەكەمان بێت، ساڵی بوژانەوە و ئومێد و خێر و خۆشی بێت.
لە ساڵی رابردوودا رۆڵەكانی گەلەكەمان لە پرۆسەیەكی دیموكراتییانەی رەوا و ئاشتیخوازانەدا دەنگیان بۆ چارەنوسی خۆیان دا و تەعبیریان لە ئیرادەی خۆیان كرد، بەڵام بەداخەوە كەوتنە بەر سزای بەكۆمەڵ و گەلەكۆمەكێ و ئابڵوقە و شەڕ و لەشكركێشی، دەخوازین ساڵی داهاتوو فشاری ئەو سزا ناڕەوایانە لەسەر گەلەكەمان هەڵگیرێن و مەینەتی و قەیران كۆتاییان بێت و گەلی كوردستان بەو ژیانە بەكەرامەت و ئاسودەیە بگەن كە شایستەیانە.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی سەری ساڵی ٢٠١٨ لە یەكەیەكەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان دەكەین و هەر سەركەوتوبن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٣١/١٢/٢٠١٧




