١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د.سەردار شەریف: ئەمەریكا و ئێران بڕیار لەبارەی كێشەكانی عێراقەوە دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێكی سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، رەوشی عێراق تا بڵێی ئاڵۆزە، بەڵام بە ھۆی  ململانێی ئەمەریكا و ئێرانەوە، عێراقییەكان ناتوانن بڕیار لەبارەی چارەكردنی ئەو كێشانەوە بدەن. نایشیشارێتەوە كە، رێكنەكەوتنی لایەنەکانی كوردستانیش وابەستەیە بە دەستوەردانی ئێرانەوە.

(د.سەردار شەریف) پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "كێشەی سەرەكیی عێراق لەوەدایە ئەوانەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ھەڵدەسووڕێنن عێراقییەكان خۆیان نین. عێراق كەوتووەتە نێوان ململانێی سێ لایەنی سەرەكی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوانیش ئەمەریكا و ئێران و سعوودیان، واتە ئەو سێ وڵاتە بڕیار لەبارەی چارەنووسی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە دەدەن نەك بەرپرسانی عێراق، دوو لایەنی سەرەكی بەرژەوەندییان لەنێو عێراقدایە ئەویش ئێران و ئەمەریكان، راستە ئێستا رەوشی عێراق لە دۆخێكی خراپدایە، بەڵام عێراقییەكان ناتوانن بڕیار لەبارەی چارەكردنی پرسە نێوخۆییەكانیانەوە بدەن".

ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەستوەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاروباری عێراق دەڵێ، "بە شێوەیەك ئێران رۆڵی ھەیە لە نێو عێراقدا تەنانەت ئەو دەستەڵاتەی بە شیعەیش نەداوە بە ڕەھایی بڕیاری بە دەستەوە بێت، ئێران توانیویەتی هەژموونی خۆی بە تەواوی لە عێراق بسەپێنێ و جگە لە شیعە خۆی نزیكی سوننە و كوردیش كردووە، بە شێوەیەك یارییەكە دەكات تەنانەت شیعە كە زۆرینەی دەستەڵاتی عێراقی بە دەستەوەیە، ناتوانێ بەبێ ئێران بڕیار بدات، لەبەر ئەوەی تاران لەلایەك نێو ماڵی شیعەی رێك خستووە و لەلایەكی دیكە پەرتەوازەی كردووە، ئەگەر باس لە ھەرێمی كوردستانیش بكەین بە ھەمان شێوە ئێران دەستی خستووەتە نێو كاروباری ھەرێمەوە و كاری وای كردووە لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانیوە بگەنە ھیچ رێككەوتنێك، بە شێوەیەكی گشتی ئێران گەییشتووەتە ژمارەیەك ئامانجی خۆی لە نێو عێراقدا و دەستبەرداربوونیشی زۆر ئەستەمە، تەنیا لە رێگەی پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتییەوە دەتوانرێ ئەو ھەژموونگەراییەی ئێران لەسەر عێراق كەم بكرێتەوە".

لەبارەی رۆڵی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایش، (شەریف) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئەمەریكا سیستمی سیاسیی عێراقی گۆڕی بە لەنێوبردنی رژێمی بەعس، لە ھەمان كاتدا ئەمەریكا چەندی توانی رژێمی دیكتاتۆری بەعس لەنێو ببات، ئەوەندەیش كاری كرد بۆ ئەوەی حزبی دەعوە و شیعە جێگەیان خۆش بكرێت بۆ جێگرەوەی دەستەڵاتی پێشووی عێراق و، ئێستا شیعە بە شێوەیەك دەستەڵاتداریەتیی عێراق دەكات ھەردوو پێكھاتەی كورد و سوننە بە تەواوی پشتگوێ خراون، پێشلكاریی دەستووری بە روونی لەبارەی مافەكانی كوردەوە ھەیە".

(سەردار شەریف) باوەڕی وایە، ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچن و گوتی، "تا كەشی سیاسی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق بەرەو ئاڵۆزی بچێت، بە زیانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشكێتەوە، هەرچەندە سەركەوتنی بەرانبەر داعش بە ھاوكاریی پێشمەرگە بوو، بەڵام (عەبادی) بۆ خۆی تۆمار كرد وەك سەركەوتن، لەبەر ئەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا و، پێم وایە تاكە رێگریكردن لە بەردەم دواخستنی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق، بە گوشاری نێودەوڵەتی و ناوخۆ دوا ناخرێن".

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار