١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە پردێ، داعش گورزی تووندی لە حەشدی شەعبی وەشاند

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  شەوی رابردوو لە نزیك ناحیەی پردێ، داعش ھێرشی كردە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ھێزەكانی عێراق، بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، ھێزەكەی حەشد لە نزیك ماڵی کاندیدەکەی پارێزگای کەرکووک كراوەتە ئامانج و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

عەقید (ھێمن ساڵح) کە فەرماندەی لیوای دووی پیادەی سەربە وەزارەتی پیشمەرگەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "درەنگانی شەوی رابردوو، چەكدارانی داعش لە بەرزاییەكانی كانی دۆمەڵان دابەزیون بۆ نزیك ناحیەی پردێ و، ھێرشیان كردووەتە سەر ھێزی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان لە گوندی گەڵوزی سەر رێگەی پردێ بۆ كەركووك و، دوای شەڕ و پێكدادانێكی توند، داعش بەرەو ناوچەی قەرەدەرە و بەرزاییەكانی كانی دۆمەڵان پاشەكشەی كرد."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریی دا کە "ئەو ھێزەی حەشد و سوپای عێراق كە شەوی رابردوو ھێرشیان كرایە سەر، بۆ پاسەوانیكردنی ماڵی (رزگاری عەلی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی دانراون كە لە چەند یەكەیەكی سوپا و حەشدی شەعبی پێك ھاتوون، لە كاتی ھێرشەكەشدا چەكدارانی داعش لە نێوان ماڵی (رزگار عەلی) و ناحیەی پردێ بۆمبیان چاندبوو و لە كاتی بەھاناوەچوونی ھێزێكی عێراقیشدا، چەند بۆمبێكیان پێدا تەقیونەتەوە".

دەربارەی زیانەکانی ھێرشەكەی شەوی رابردوویشەوە گوتی، زیانی گەورەی ماددی و گیانی بەر ھێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی كەوتووە، بەڵام تا ئێستا قەبارەی ئەو زیانانە نەزاندراوە، "دوای ھێرشەكەیش چەكدارانی داعش بەرەو شوێنەكانیان كشاونەتەوە، كە ناوچەیەكی بەرفراوانە لە پشتی كانی دۆمەڵان و گوندی قەرەدەرە مەفرەزەی داعش ھەن و بە شێوەی پارتیزانی چالاكی ئەنجام دەدەن."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار