١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئاوارەکانی ناوچە تازەئازادکراوەکان لەبرسان "دەگرین"

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بە سەدان خەڵکی ئاوارەی ناوچە تازەئازادکراوەکانی سنووری پارێزگای مووسڵ، لەسەرمان هەڵدەرزن و لەبرسان دەگرین. ئەو خەڵکانە ئاشکرای دەکەن تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهانایانەوە نەچووە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی)، ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، سوپاکەی هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشی کۆنترۆڵ کردووەتەوە. ئێستا ئەو ناوچانە دەسەڵاتی عێراقی لێیە، بەڵام بەشێکی خەڵکەکەی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکیان نییە و تەنانەت نانیان بۆ خواردن دەست ناکەوێت.

تۆمارێکی دەنگیی کەسێک، کە خۆی بە بێلایەن ناو دێنێ،  گەیشتووەتە دەست ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و ئێستا لای لیژنەی مافی مرۆڤە.

لەو تۆمارە دەنگییەدا باس لەوە دەکرێ، نزیک بە ٩٠٠ ژن، منداڵ و کەسانی بەتەمەن لە ناوچەی (حەمام عەلیل)، کە دەکەوێتە خوارووی موسڵ، لە ژێر جەلەمۆنەکاندا دەژین و برسییانە.

لەو تۆمارەدا، کە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە تۆمار کراوە و ئێستا لای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پیاوێک دەڵێت: "ئێمە لەبەر نەبوونی بەڵگەنامە و باری ئەمنی ناتوانین ئەو کەسانە بگوازینەوە، منداڵەکان لەبرسان و لەسەرمان دەگرین و ژن و پیاوەکان داوای پارووە نانێک دەکەن. دەنگوباسی هیچ ڕێکخراوێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نییە و داوایان لێ دەکەین بە هانای ئەو کەسانەوە بێن."

لە بەشێکی دیکەی تۆمارە دەنگییەکەدا، کە نزیک بە چوار خولەکە، هاتووە: "کەمتەرخەمیی زۆر ڕوون و بەرچاو هەیە لە بواری یارمەتیی مرۆیی. دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان و دوورکەوتنەوەی کامێراکان لەسەر ئەو کەسانەی خۆیان پێ پاڵەوانە، ئێمە ئەوە بە پیلان دەزانین بۆ کوشتنی ئەو خەڵکانە."

لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە جەخت دەکرێتەوە کە "ئەو خەڵکە هیچیان نییە بیخۆن، ئەوان خەڵکی سڤیلن و هیچ تاوانێکیان نییە و بوونەتە قوربانیی شەڕ."

کاوە جەم 

هەواڵی پەیوەندیدار