ئەڵمانیا لە ڕێی یوئێنەوە هاوکاریی ئاوارەکانی عێراق دەکات

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدڕاڵی، ٣٠ ملیۆن یۆرۆی بەخشییە سندووقی هاوکاریی مرۆیی عێراق، ئەو سندووقەی بە شێوەیەکی هاوبەش لەلایەن هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی ئۆچاوە بەڕێوە دەبرێت.
حکوومەتی ئەڵمانیا پێشتریش بڕی ١٠،٩ ملیۆن دۆلاری بەخشیبووە سندووقی هاوکاریی مرۆیی و، کۆی بەخشینەکانی ئەڵمانیا بۆ ئەم سندووقە هاوبەشە لە ماوەی ساڵێکدا گەیشتووەتە ٤٥.٧ ملیۆن دۆلار.
(لیز گراندێ) هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی بۆ عێراق، گوتی: "ئەو سندووقە هاوبەشە بڕبڕەی پشتی چالاکییە مرۆییەکانە لە عێراق. تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧دا، زیاتر لە ١٢٥ پرۆژە بۆ ٤.٢ ملیۆن عیراق لە نۆ پارێزگادا هاوکاری داراییان لەم سندووقە هاوبەشە وەرگرتووە. ئۆپەراسیۆنی عیراق".
(گراندێ) هەروەها گوتی: "ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش کۆتایی هات، بەڵام قەیرانی مرۆیی هێشتا ماوە. زیاتر لە ٣،٣ ملیۆن عێراقی ئاوارە بوونە، لەوانەش سەدانهەزار هاووڵاتی هێشتا لە کەمپی ئاواران و پەناگەی دروستکراودا دەژین. ئەوان پێویستیان بە یارمەتییە".
سندووقی هاوکاریی مرۆیی عێراق زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکایی بۆ هاوکارانی هێڵی پێشەوە لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی مووسڵ دابین کردووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا، بڕی ١٤ ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆپەراسیۆنی حەویجە دابین کرد.
بە گوتەی هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی بۆ عێراق، "ملیۆنان عیراقی زۆر بە خراپی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی قەیرانەکان. کاری هەرە لەپێشینە ئێمە لە ئێستادا بریتییە لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکارییە، هاوکارییەکە دەگاتە دەستیان. لە چەند مانگی داهاتوودا، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ حکوومەت کار دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە سەلامەتی و ئارەزوومەندانە و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".




