"كورد بەمشێوەیە دەنگ بە بودجەی عێراق نادات"
__2017_12_09_h15m30s22__ER.jpg)
بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگن، ئەگەر پێشنیار و تێبینییەكانی كورد لە ناو پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر نەكران، ئەوكات دەنگی پێ نادەین.
(نەدا مێرگەسۆری) بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاری كرد: ''پاش ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق گەیشتە پەرلەمان، ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە تێبینی و پێشنیارەكانی خۆمان بە نامە، كە هەموو فراكسیۆنەكان ئیمزایان لەسەر كردووە، داوەتە لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران، بەتایبەتی (حەیدەر عەبادی)، كە بوودجەی عێراق لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە، پشكی هەرێمی كوردستان كە 17%ـە، دیاری نەكراوە و لەسەر ڕێژەی دانیشتووان دانراوە، هەروەها ناوی هەرێمی كوردستان لە ناو پرۆژەیاساكەدا نییە، ئەوەش مانای وایە كە حكوومەتی عێراق ئیعتراف بە هەرێمی كوردستان ناكات، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە، چونكە كیانی هەرێمی كوردستان، كیانێكی دەستوورییە، كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراوە، بۆیە ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات پێچەوانەی یاسایە، هەروەها باسی مووچەی پێشمەرگە نەكراوە، ساڵانی ڕابردوو بڕە پارەیەك بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان كرابوو، ئەمساڵ ئەویش نەكراوە، پاش گەیشتنی پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمان زۆر هەوڵ درا، كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، بەڵام ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموو بە یەكەوە دژی وەستاینەوە، هەروەها پەرلەمانتارە سوننەكانیش لەگەڵ ئێمە هاوڕا بوون، كە نابێ پڕۆژەیاسای بوودجە بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ بكرێت."
ڕوونیشی كردەوە: "لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵەكانی خۆمان دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی هەرچیی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بكەین، ئەگەر تێبینی و پێشنیارەكانی ئێمە لەبەرچاو وەرنەگیران و پرۆژەیاساكە هەروەكو خۆی بوو ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەنگ لەسەر بوودجەی 2018ی عێراق نادەین، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەش ئێمە لەو باوەڕەدا نین، كە (حەیدەر عەبادی) پێشنیارەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەرچاو بگرێت و لە ناو پڕۆژەیاساكەدا جێگیری بكات، ئەگەر ئەوە نەكرا بڕیار بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەگەڕێتەوە، هەر بڕیارێك بدەن، ئێمە پێوەی پابەند دەبین."
(مێرگەسۆری) ئاشكراشی كرد: "ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەوەی لەسەرمان بێت، بۆ لێك نزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا دەیكەین، لە ڕابردوودا زۆر هەوڵمان دا، لە داهاتووشدا هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ، بەڵام ئەوانە بڕیاری سیاسیین، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن، بەڵام ئەوە لایەنی عێراقیە، کە نایەوێت دانوستاندن بكات، بۆیە ئەوەی لەسەر ئێمە بێت كردوومانە و جارێكی دیكەش تەئكید لەوە دەكەینەوە، كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر دەبن، ئەو غرورییەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق هەیەتی ڕێگە نادات كە دەست بە دانوستاندن لەگەڵ هەرێم بكات، سەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام (حەیدەر عەبادی) نایەوێت".
ڕابین شێروانی




