(حەیدەر عەبادی) خۆی خستووەتە ناو داوی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە

هەولێر-KDP.info- زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی بەغدا پێیان وایە عێراق بۆ ساڵی دابێ هیچ بوودجەیەکی پەسندکراوی نابێت و تەنانەت هەڵبژاردنی پەرلەمانییش بەڕێوە ناچێت. ئەو ئەگەرانە پەیوەستن بە کێشەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا و کێشەکانی ناو ماڵی شیعە و هۆکارە سەرەکییەکەشی پاوەنخوازیی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
(حەیدەر عەبادی) بە هۆی پشتگیریی رۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبییەوە، وەک سیاسییە کوردەکان دەڵێن "پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر راکێشاوە" و عێراقی رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردووەتەوە.
بە هۆی ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتیانە، (عەبادی) لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان کرد و بەدڵی خۆی بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقی نووسیوە، بوودجەیەک کە جیا لە کورد، عەرەبی سوننە و زیاتر لە ٤٠ پەرلەمانتاری شیعەش تێبینی جیدیان لەسەرە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەوە نەوەستاوە و ئێستا بەردێکی قورسی دەست داوەتێ و دەیەوێ رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و، بەو دواییانە رۆژنامەی سەباح کە رۆژنامەی فەرمیی عێراقە ناوی (نووری مالیکی) جێگری سەرۆککۆماری عێراقی وەک یەک لە کەسانی خاوەن دۆسیەی قورس ناوهێنا.
دووڕێیانی بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق
(رەنگین عەبدوڵڵا) ئەندامی پەرلەمانی عێراق، باس لە چارەنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق دەکات. ئێستا ئەو پرۆژەیە لەلای لیژنە پێوەندیدارەکانی پەرلەمانە و دواتریش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا دەکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "کورد، سوننە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە تێبینی جیددیان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە هەیە و بۆیە ئەگەر بەپێی رێککەوتن ئەو تێبینیانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا بێگومان عێراق بۆ ساڵی دابێ بەبێ یاسای بوودجە دەبێت."
ئێستا پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە و ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، بە چوار رێگە دەکرێ پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی گرێ بدات. ئەو کۆبوونەوەیە دەبی لەسەر داوای سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان بکرێت یان ٥٠ پەرلەمانتار واژۆیان بۆ کۆبوونەوەکە کردبێت.
ئەوەی پێدەچێت و دیارە، تا ئێستایش (حەیدەر عەبادی) دەرگای گفتوگۆی بە رووی هەرێمی کوردستاندا داخستووە، سەرەڕای ئەوەی بەمدواییانەش ئەمەریکا و بەریتانیا جەختیان لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ریگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستووری هەمیشەییی عێراق کردووەتەوە.
ئێستا (حەیدەر عەبادی) لەسەر دووڕێیانێکە، ئەگەر بوودجەی ساڵی دابێی عێراق بە دڵی ئەو پەسند بکرێت، ئەوا دیسان بەغدا پێشێلکاریی دەستووریی کردووە و بیانوو و شەرعیەتی زیاتر بە داواکانی کورد و مەزڵومبوونی دەدات، بۆیە هێشتا دوودڵە. ریگەی دووەم ئەوەیە (عەبادی) ملکەچی خواستە دەستوورییەکانی کورد لە ناو بوودجەی عێراقدا بێت، ئەمە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوزای لێ دەکرێت، بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا بە زیانی (عەبادی)یە، چونکە وەبەرهێنانی زۆری لەسەر دژایەتیی کورد بۆ بەهێزبوونی پێگەی جەماوەری خۆی کردووە.
دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوەڕێی ئەوەی نەکرد کێشەکانی بەغدا لەگەڵ هەولێر یەکلا بێتەوە و خۆی لە بەرەیەکی دیکەشەوە تووشی کێشە کرد. ئێستا (عەبادی) چەکی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە دەستەوە گرتووە و بەهۆیەشەوە ناو ماڵی شیعەی ئاڵۆز کردووە.
(نووری مالیکی) سەرۆکی حزبی دەعوە و جێگری سەرۆککۆماری عێراق یەک لەو کەسانەیە کە دۆسیەی گەندەڵی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە، ئەمە جیا لە دۆسیەی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کە لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیی ئەو رووی دا.
زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دوای ئەوەی (عەبادی) لە بەرەی کوردستان سەرکەوتنێکی کاتی بە دەست هێناوە، ئێستا لە بەرەی نەیارانی شیعەی خۆی شەڕی دەست پێکردووە و ئەمەش لە پێناو ئەوەدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووی عێراقدا براوەی یەکەم بێت.
(رەنگین عەبدوڵڵا) پێی وایە (حەیدەر عەبادی) تووشی "غرووی سیاسی" بووە و هەموو دەرگاکانی دانوستانی لەسەر خۆی داخستووە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، "چەندین ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی دابێی عێراق هەنە، یەک لەوانە دواخستنیەتی بۆ کۆتایی ساڵی دابێ. ڕەنگە ئەو کێشانەی ناو عێراقیش تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ درێژە بکێشێت و مانگیک بەر لە دەنگدان، (عەبادی) دەرگای دانوستان بە رووی نەیارانی شیعەی خۆی و کورددا بکاتەوە."
بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە رۆژی ١٥ـی مانگی ئایاری دابێ، بەڕێوە بچێت و وڵاتانی رۆژئاوایی و نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لە کاتی خۆیدا کردووەتەوە. ئێستا ئەگەر (عەبادی) بۆ سەرخستنی مەرامەکانی خۆی هەڵبژاردنیش دوا بخات، دیسان دژی خواستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەستاوەتەوە و پێشێلکاریی دەستووری کردووە.
کاوە جەم


__2017_12_05_h10m12s14__BA.jpg)



