حەشدی شەعبی ڕۆڵی دەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی نێوان لایەنەکانی دامەزرێنەری حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کە وا بڕیارە لە مانگی ئایاری دابێ بەڕێوە بچێت.
ئاژانسی فارس لە زاری (نەعیم عەبودی) گوتەبێژی (عەسائب ئەهل هەق)ـی سەر بە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند زۆربەی لایەنەکانی پێکهێنەری حەشدی شەعبی بە لیستێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری دەکات کە بڕیارە لە مانگی ئایاری دابێ بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەکەی عەسائب ئەهل هەق ئەوەی بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دووپات کردەوە کە "حەشدی شەعبی چاوی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە، بەڵام کاریگەریمان هەیە لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە."
(نەعیم عەبودی) ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ماوەی دوو مانگە ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ کەتایبی سەیدشوهەدا، حزبوڵڵای عێراق، ڕێکخراوی بەدر و بزووتنەوەی ئەوفییا و چەند لایەنێکی دیکەی ناو حەشدی شەعبی، سەرقاڵی تاووتوکردنی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی دابێی عێراق دەکەن.




