ئەگەری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەیە

ههولێر-KDP.info- چەند پڕۆژەیاسایەک لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقدا هەیە و یەک لەوانە پڕۆژەی بوودجەی یاسای ساڵی داهاتووی عێراقە. بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیان وایە کۆبوونەوەکە بەهۆی هەندێ "کێشە"وە دوادەخرێت.
(سەلیم جبووری) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای ئەو کۆبوونەوە نائاساییەی کردووە و دوو پرۆژەیاسای گرینگی بوودجەی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.
(بێرڤان موسلیح) بەرپرسی پێوەندییەکانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێی وایە رێژەی یاسایی بۆ خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق، تەواو نابێت.
ئەو پەرلەمانتارە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "جیا لە کورد، سوننەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگای بەسرە بەو رەشنووسە رازی نین، بۆیە زەحمەتە رێژەی یاسایی تەواو بکات."
پێویستە لە کۆی ٣٢٨ پەرلەمانتار، ١٦٥ پەرلەمانتار ئامادە بن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بێت. کورد، ٦٥ ئەندامی پەرلەمانی عێراقی هەیە.
کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراق نائاساییە، بۆیە نەهاتن بۆ پەرلەمانتاران تۆمار ناکرێت و ئەمەش ئەگەری تەواونەبوونی رێژەی یاسایی زیاتر کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیان تێبینی لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق هەیە. لەو پرۆژەیەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە ١٧%ەوە بۆ ١٢.٦% کەم کراوەتەوە و دیسان هێزی پێشمەرگە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە.
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، پێویستە ئەو پەرلەمانە پێش لە کۆتایی هاتنی ئەمساڵ و دەستپێکی پشووەکەی، پرۆژەیاسای بوودجەی وڵات پەسند بکات. ئەگەر ئەو کارە نەکرا، سەرۆکی پەرلەمانی بۆی هەیە لەو دوو مانگی پشووی پەرلەمان، مانگێکی بکات بە پشوو و ئەگەر لەو ماوەیەشدا نەکرا، دەتوانێ کۆبوونەوەی نائاسایی گرێ بدات.
کاوە جەم




