١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ترامپ گۆڕانكاری ده‌كات.. وەزیرە نوێیەکی ده‌ره‌وه‌ کێ دەبێ؟

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە رای گشتیی ئەمەریکادا لە ئێستادا رەخنەی جیددی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دەگیرێ و، کۆنگرێسمانەکانیش لەو بارەوە دەڵێن، پێویستە گۆڕانکاری لەو پۆستەدا بکرێ. بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێنیش، (دۆناڵد ترامپ) بە نیازە (تیلەرسن) دوور بخاتەوە و به‌ (مایک پۆمپیۆ) شوێنه‌كه‌ی بکاتەوه‌.

(رێکس تیلەرسن) لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەی (دۆناڵد ترامپ)دا، نەبووەتە جێگەی رەزامەندیی وڵاتەکەی، بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی کەناڵی سی ئێن ئینی ئەمەریکایی، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرنامەیەتی کە (تیلەرسن) لە پۆستکەی دوور بخاتەوە و لە شوێنی ئەودا (مایک پۆمپیۆ) دابنێت.
سەرچاوەکانی کۆشکی سپی زانیارییان داوە بە مێدیاکانی ئەمەریکا، کە (مایک پۆمپیۆ) بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دادەنرێ و لە زۆر بواری جیددیدا هەوڵەکانی بۆ (ترامپ) بە گرینگ زانراون.

لە ئاستی کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکایشدا، (پۆمپیۆ) بە کەسێکی شیاو بۆ ئەو پۆستە دادەنرێ.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمەریکا، کۆشکی سپی وادەی دوورخستنەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای لە پۆستکەی دیاری نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەک کە بۆ سی ئێن ئێن، رەنگە دوورخستنەوەکە بکەوێتە ساڵی نوێوه‌.

سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، کە (ترامپ) لە زۆر بواردا پێوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ (تیلەرسن) هاوڕا نییە، هەروەها پرسی کۆریای باکوور یەکێک لەو پرسانەی دیکەیە کە لە نێوان (ترامپ) و (تیلەرسن) کێشەی لێکەوتووەتەوە و لەسەر ئەم دۆسیەیەدا هاوڕا نین.

بەگوێرەی لایڤەکانی سی ئێن ئێن، ئەمشەو کە بەرنامەیەکی تایبەتی لەسەر دوورخستنەوەی (تیلەرسن) هەبوو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پرسی عێراق و سووریایش جێگەی رەزامەندیی ئەمەریکا نییە.

نیویۆرک تایمز، ئەم بەیانییە بە کاتی ئەمەریکا یەکەم رۆژنامە بوو کە زەنگی دوورخستنەوەی (تیلەرسن)ی لێ دا، رۆژنامەکە نووسیویەتی، کۆشکی سپی یەکلا بووەتەوە لەوەی کە دەبێ (تیلەرسن) لە پۆستەکەی لابدرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیه‌ی کە زانیاریی بە نیویۆرک تایمز داوە، کاتەکە بە ڕوونی دیاری نەکراوە و پێشنی کراوە کە دوورخستنەوەکە بکەوێتە ساڵی ٢٠١٨.

لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمەریکا ئه‌وه‌ش ئاشکرا بووە، کە سەرۆکی ئەمەریکا لە دوای کێشەکانی لەگەڵ (تیلەرسن) چەندین جار لە نزیکەوە (مایک پۆمپیۆی) بینووە و زانیارییەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە (ترامپ) داوای لێ کردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.
(مایک پۆمپیۆ) یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمەریکا و بزنسمانەکانە کە پێشووتر ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بووە لە لیستی کۆمارییەکان، لە ٢٣ ی ١ی ٢٠١٧ لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کرا بە بەڕێوەبه‌ری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی.

(پۆمپیۆ) بە رێکخەری پێوەندییەکانی نێوان (ترامپ) و (سعوودیا) دادەنرێ بەتایبەت کە لە مانگی ٢ی ٢٠١٧ سەردانی سعوودیای کرد و، دواتر بەوهۆیەوە ئامادەکاری کرا بۆ سەردانی (ترامپ) بۆ سعوودیا و نزیکبوونەوەی سعوودیا لە ئەمەریکا بە شێوەیەکی زیاتر.
پێشووتریش سەردانی تورکیای کردووە و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆ بووەتەوە سەبارەت بە پرسی سووریا.

شاو
 

هەواڵی پەیوەندیدار