١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی دارایی: عەبادی بە مەبەست پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٨ـی دوا خستووە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info-  بڕیارە لەم حەفتەیەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ ببێتەوە و دوادانیشتنی ئەمساڵیشی بێت، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی (٢٠١٨) پەسەند نەكراوە، دوو ئەندامی لیژنەی داراییش دەڵێن، (عەبادی) بە مەبەست پڕۆژەیاسای بوودجەی دوا خستووە و مەبەستیەتی پیشخاپووریش کۆنترۆڵ بکات.

لە ١١ـی١١ـی٢٠١٧، (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی ھەرێمی كوردستان گوتی، "بە مافە دەستوورییەكان، دەستەواژەی ھەرێمی كوردستان و سنووری (٢٠٠٣) پابەند دەبێت"، بەڵام لە ھەمان كاتدا تا ئێستا ئامادە نەبووە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات.
پێوەست بەم پرسە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ھۆكاری دواخستنی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق ئەوەیە كە (عەبادی) دەیەوێت بە شارەزایی پیشخاپوور و تەواوی خاڵە سنوورییەكان وەربگرێـت، كە بە شەڕ پێی نەكرا وەریان بگرێت، جگە لەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە تەواوی داھاتەكانی ڕادەست بكات، ئەمە یەكێكە لە ھۆكاری دواخستنی پەسەندنەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجە، بەڵام ئەگەر بێت و ڕێككەوتنێكی سیاسی نەبێت لە ڕاستیدا لە پەرلەمان بە زەحمەت پەسەند دەكرێـت و كێشەی تێ دەكەوێت."

دوێنێ یەكشەممە ٢٦ـی١١ـی٢٠١٧  وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، "بۆریی نوێ بۆ ھەناردەكردنی نەوتی بێجی بەرەو پێشخابوور دروست دەكەن كە نەوتی خاوی كەركووك دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیھانی توركیا، ئەو بۆرییەش جێگرەوەی بۆرییە كۆنەكە دەبێت كە لەلایەن داعشەوە زیانی بەرکەوتبوو".

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (عەبدولقادر محەممەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بوودجەی تێكڕای حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەوەندەی گرینگی ھەیە لەسەر بڕ و میكانیزم و چۆنیەتیی ناردنی بوودجەكە، ئەوەندە كاریگەریی نابێت كە تا ئێستا لە پەرلەمان دەنگی لە سەر نەدراوە، (عەبادی) ھەر بە بەرنامە دوای خستووە، ھەرچەندە حكوومەتی ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ھەموو داھاتەكانی ڕادەستی حكوومەتی عێراق بكات و عێراق بەپێی دەستوور حەقی كورد بدات كە (%١٧)ـە، بەڵام عێراق تا ئێستا ئامادە نییە و دەیەوێت زۆر كەمتر لەو بڕە بدات بە ھەرێمی كوردستان."

فایزە كۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار