پەرلەمانی عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی عێراق بە درێژاییی تەمەنی خۆی تا ئێستا، یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرنەچووە و وەک پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆی ئەو پەرلەمانتارەدا، دەنگ لەسەر ئەو یاسایە دەدرێت.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەشت خاڵی لەخۆ گرتووە، کە زۆربەیان دەنگدانن لەسەر پرۆژەیاساکان. یەک لەو دەنگدانانە، تایبەت دەبێ بە گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆژەیاسای پەرلەمانی عێراق.
(نەدا مێرگەسۆری) بڕیاردەری فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە "زۆر بە گرینگ" دەزانێ. ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئەگەر پەرلەمان ببێتە خاوەنی ئەو یاسایە، ئەوا هەیکەلی پارێزراو دەبێ و رێگە بە حکوومەت و دەستەڵاتەکانی دیکە نادرێت کە دەست لە کاروباری پەرلەمان وەربدەن."
پرۆژەیاسای پەرلەمانی عێراق، لە خوولەکانی پێشووی ئەو پەرلەماندا هاتووەتە ناو لیژنە تایبەتمەندەکان و کۆبوونەوە گشتییەکانەوە، بەڵام تا ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە. بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەو یاسایە بە پێویست نازانن و هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ناکرێ پەرلەمان، خۆی ئەرک و مافەکانی خۆی دیاری بکات.
(نەدا مێرگەسۆری) دەڵێ، "پەرلەمانی عێراق لە کاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا، خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆی نییە و بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە، چونکە هەموو پەرلەمانی وڵاتی دیکە، ئەو یاسایەیان هەیە."
وەک ئەو پەرلەمانتارە روونی دەکاتەوە، لە رێگەی ئەو یاسایەوە دەتواندرێ ئەرک و مافەکانی پەرلەمان و ئەندامەکانی، دیاری بکرێن و دەبێ وەکوو هەموو دەستەڵاتەکانی دیکە، خاوەن یاسای خۆی بێت.
ئەو دەڵێ، "پەرلەمانی بەو یاسایە، شکۆی خۆی دەپارێزێ و یاساکانی هێزی زیاتریان دەبێت، هەڵبەت رەنگە ئەمجارەش بە هۆی موزایدەی سیاسییەوە، پەسند نەکرێت."
لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراقدا، تەنیا دەنگ لەسەر ئەوە دەدرێ کە ئایا لە کۆبوونەوەکانی دابێ ئەو یاسایە گفتوگۆی لەسەر بکرێت یان نا.
کاوە جەم




