١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"حەشدی شەعبی دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان دەجوڵێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- شارەزایان پێیان وایە ئەو کردەوانەی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکاندا ئەنجامی دەدەن بە هەموو شێوەیەک نامرۆیین و دوورن لە هەموو بەها مرۆییەکانەوە.


(سلێمان شیخ نەبی)، شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ''ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی  گوت: ''جیهان هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان ناکات، ئینجا گرووپێکی وەک حەشدی شەعبی سەرەڕای هەموو ئەم پێشێلکاریانەی کە نزیکەی ٦٠ بەندی دەستوورییان جیبەجێ نەکرددوە و بەرپرسەکانیان لە لیستی تیرۆردان و ئەجێندای ئێران بەڕێوە دەبەن، کە دوژمنی سەرسەختی جەمسەرێکی دنیایە، کە ئەویش ئەمەریکایە و کەوتووەتە هەموو شتێک لە دژی ئەمەریکا.''

(سلێمان شیخ نەبی) گوتی: ''حەشد دەستی بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە،  کە لە جیهاندا ئەم ناوچانە مەترسینە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەکەیان، بەڵام نازانن لەگەڵ کێ مامەڵە بکەن، چونکە حەشدی شەعبی توندوتیژن و بەبێ پلان و نامرۆییانە هەڕەشە لەسەر ناوچەکان دەکەن.''

ئەم شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: ''زۆر جار عێراق بە ناوی یەکپارچەییی عێراق قسە دەکات و سەروەریی خاکی عێراق لە هەموو یاسا و ڕێساکانی دەستووردا نووسراوە، بەڵام مافی بڕیاری چارەی خۆنووسینیش لە دستووردا هەیە، کەچی ئەوان بە ویستی خۆیان بەندەکان دەکەنە بەهانە و بە ناوی دەستوورەوە قسە دەکەن، لە هەموو جیهانیشدا باسی سەروەریی خاکی وڵات دەکرێت، بەڵام هەندێک هەرێم لە وڵاتەکان جیا دەبنەوە.''

(ڕێنجەر شێخۆ)، مامۆستای زانکۆیە و شارەزای یاسای دەستوورییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''عێراق بەندە دەستوورییەکانی پێشێل کردووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە جووڵانەوەی هێز و بەکارهێنانی دژی گەلی کورد و بۆ جیهان دیار بووە، کە ئەم وڵاتەی ئێمە تێیداین بە هیچ شێوەیک زمانی گفتوگۆ نازانێت و ئەمە چەندین ساڵە ئێمە لەگەڵ ئەم ئەقڵیەتە داخراوە دەژین، کە دیارە چەک بەرامبەر گەلی کورد بەکار دەهێنن، کە حکوومەتی بەعسیش بەکاری هێناوە.''

(ڕێنجەر شێخۆ) گوتی: ''ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە ئەو ناوچانە بە سەنەدی یاسایی و دەستووری، خۆیان خستووەتە سەر هەرێم، کەچی حکوومەتی عێراق بە ناوی سەروەریی یاساوە هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە و چەک بەرانبەر گەلێکی وڵاتەکەی بەکار دەهێنیت، کە ئەویش کوردە، ئەی ئەمانە پرسیار لە خۆیان ناکەن، ئەمانە بە هەموو شێوەیەک دژی پرەنسیپە یاسایی و دەستوورییەکانە و بە ناوی دەستوور و یاسا و سەروەریی عێراق قسە دەکەن.''

  (ڕێنجەر شێخۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''هەموو ئەم هەڕەشە و گوشارانە  لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ سەر هەرێم چاوەڕوانکراو بوون، چونکە ئەوان هەمیشە ویستویانە گەلی کورد لەناو بەرن، ئەمەش هەمان ئەقڵیەتی جارانە، کەچی تەنیا دەموچاویان گۆڕیوە و کردەوەکانیان دوورن لە هەموو بەها مرۆییەکان.''



كــــاروان باعـــەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار