سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: کاری ئێمە نییە پەرلەمانتاران سزا بدەین
__2017_11_20_h17m33s59__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ ئەو لیژنەی کاری بۆ سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی کورد دەکرد، کە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردووە، کۆتایی بە کارەکانی ھێنا و سەرۆکی پەرلەمانیش باسی لەوە کرد، کاری ئێمە نییە پەرلەمانتار سزا بدەین.
(شرین دینۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەیەک دروست کرابوو بۆ سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردووە، کە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ناویان ھاتبوو ١٥ پەرلەمانتار بوو، ١١ پەرلەمانتاری پارتی و ٢ پەرلەمانتاری یەکێتی و ٢ پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی، ئەمڕۆش لیژنەکە کارەکانی تەواو کرد و ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد. سەرۆکی پەرلەمانیش نەیخستە بەرنامەی کار و باسی لەوە کرد، کە ئەمە کاری ئەوان نییە و کاری دادگایە، چونکە ناکرێت پەرلەمانتار پەرلەمانتاری دیکە سزا بدات.''
(شرین دینۆ) گوتیشی: ''لەبەر ئەمەش ئەمڕۆ ئەو پەرلەمنتارانەی ناویان ھاتبوو کە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردووە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کرد و پێشوازییان لێ کرا، بۆیە ئەو پرسە کۆتایی پێ ھاتووە و ئەگەر گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا بکرێت، ئەو پرسە بە یەکجاری دادەخرێت، چونکە پرسێکی سیاسییە و زۆرینەی پەرلەمانتاران بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە، نەک تەنھا ئەو ١٥ پەرلەمانتارە.''
بڵند ئیبراھیم




