بەغدا ڕێگری لە هێزی تایبەتی کریستیانەکان دەکات

دەشتی نەینەوا-KDP.info- نوێنەرێکی کریستیانەکان ڕوونی کردەوە، بە ھۆی مەترسییەوە بەشێک لە خێزانە کریستیانەکانی ئاوارەی دەشتی نەینەوا ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دەشڵێت، عێراق ڕێگە نادات ھێزی تایبەت بە کریستیانەکان ئەرکی پاراستنی دەشتی نەینەوا لەئەستۆ بگرێت.
بە ھۆی مەترسیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پێکھاتەکان زیاتر ھەست بە مەترسی دەکەن، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی زیاتر وەک ھێزی مەزھەبی سیاسی ڕەفتار لەگەڵ ھاووڵاتییان دەکات و چەندین تاوانیشی دژی کاکەیی و ئێزدی و کریستیان و شەبەک ئەنجام داوە. لەم بارەیەوە. (کەمال یەلدا)، نوێنەری کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەڕای نەمانی مەترسیی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان ھێشتا ژمارەیەکی بەرچاوی خێزانە کریستیانەکان ناتوانن بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا، ھۆکاری نەگەڕانەوەشیان بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان بەشێک لەو خێزانانەن خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان تێک دراوە و بێجێگا و ڕێگا ماونەتەوە، ھۆکارێکی دیکەش بۆ ڕەوشی ئێستای دەشتی نەینەوا دەگەڕێتەوە، کە ئایا ناوچەکە پێشمەرگەی بۆ دەگەڕێتەوە، یان لەلایەن حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.''
دوای شەڕی داعش بە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان ھێزی پاسەوانی دەشتی نەینەوا دامەزراوە و مەشق و ڕاھێنانیان لەبارەی چۆنیەتی شەڕکردن و پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان بینیوە و بڕیار بوو سنووری دەشتی نەینەوا لە لایەن ئەو ھێزەوە بەڕێوە ببرێت. (کەمال یەلدا) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ڕێگە نادەن ئەو ھێزە تایبەتەی بۆ پاراستنی دەشتی نەینەوا پێک ھێنراوە بگەڕێتەوە ناوچەکە و عێراق حەشدی شەعبیی تایبەت بە کریستیانەکانی دروست کردووە، لەوانەش جەماعەتی سەر بە (ڕەیان کلدانی) ئێستا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردووە، لەبەر ئەوە پێویستە ھێزی تایبەت بە کریستیانەکان بچێتە ھەموو دەشتی نەینەوا و ئەوان ئەرکی پاراستنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ، نەک ھێزی دیکە.''
قائید میرۆ




