١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نیعمەت عەبدوڵڵا: پێویستە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ئاماژە بە مەترسییەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر داھاتووی عێراق دەكات و دەڵێ، پێویستە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا دەبێتە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاییندەی عێراق و پێكھاتەكانی.

(نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دروستبوونی حەشدی شەعبی و بەیاساییكردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لەگەڵ بنەماكانی دەستووری عێراق یەك ناگرێتەوە، چونكە پێویستە ھێزێكی سەربازی لەشكری ھەبێت پەیوەندی بە حزب و میلیشاتەوە ھەبێت ئینجا سەر بە ھەر لایەنێكی سیاسییەوە بێت، ئەگەر حەشدی شەعبی بۆ سەردەمێك دامەزرابێت تا لەگەڵ ھێزەكانی عێراق و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەنگاری گرووپی تیرۆریستیی داعش ببێتەوە، تا رادەیەك بەھانەیەكی ھەبوو، بەڵام دوای نەمانی داعش مانەوەی حەشدی شەعبی سیمایەكی جوان بە عێراق نابەخشێ، مادام حكوومەت و پەرلەمانی عێراق ھەر بەردەوامن لەسەر دابینكردنی مووچە و دەرماڵە و بوودجەی تایبەت بە گرووپەكانی حەشدی شەعبی، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێ كە دەبێت چاوەڕێی شتی خراپیان لێ بكەین، ئێستا ئەم حەشدی شەعبییە ھەرچییەك بن پێویستە ھەڵبوەشێتەوە، لەبەر ئەوەی دەبێت یەك سوپا لە وڵاتدا ھەبێت و عێراق چاو لە وڵاتێكی دیكەی بیانی دەكات كە خۆیان پێوەی پابەندن، ئەوەیش ئەزموونێكی باش نییە".

حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بە فتوای (عەلی سیستانی) گەورەمەرجەعی شیعەكانی عێراق دامەزراوە و لە ٦٧ گرووپ پێك دێت كە زۆربەیان پابەندی ھیچ بڕیار و فەرمانێكی حكوومەت و فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق نین، (نیعمەت عەبدوڵڵا) گوتی، "لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی بەپێی یاسا كار ناكەن و پابەندی ھیچ یاسا و بڕیارێك نابن، پێشبینیی كاری خراپتریان لێ دەكرێت لە داھاتوودا، لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ ئەوانە لەكەدار دەكرێن، بۆیە پێویستە سنوورێكیان بۆ دیاری بكرێت بۆ ئەو كارانەی تا ئێستا كردوویانە و لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی عێراق تێكەڵ بكرێن، چونكە مانەوە و پڕچەككردنی حەشدی شەعبی، مەترسییەكی دیكە دەخاتە ڕوو بۆ ئاییندە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار