کۆشکی سپی: ترامپ و ماکڕۆن کۆک بوون لە بەرەوڕووبوونەوەی حیزبوڵلا و ئێران

هەولێر-KDP.info- پاش پیشوازیی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە(سەعد حەریری) لە کۆشکی ئەلیزێ لە پاریس، دوێنێ شەممە، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی فەڕەنسا، قەیرانی لوبنانیان خستە بەر باسەوە.
بەگوێرەی کۆشکی سپیی ئەمەریکایی، (ترامپ و ماکڕۆن) "بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانانیان ڕێککەوتوون لە پێناو بەرەوڕووبوونەوەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا و ئێران، کە سەقامگیریی ناوچەکەیان تێکداوە."
ئێوارەی دوێنێ شەممە، سەرۆکایەتیی فەڕەنسا ئاماژەی دا بەوەی کە، (ماکڕۆن) لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی(میشێل عۆن)، هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا(دۆناڵد ترامپ)، سەرۆکی میسر(عەبدولفەتاح سیسی)، شازادەی جێنشینی سعوودیا(محەممەد بن سەلمان) و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان(ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز) پێوەندیی تەلەفونی ئەنجام داوە.
لەو پێوەندییە تەلەفونیانەدا، (ماکڕۆن)، دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چۆنیەتیی هێورکردنەوە و بنیاتنانی ئاشتیی ناوچەکەی خستووەتە بەر باسەوە. بەڵام ئەوەی کۆشکی ئەلیزێ بڵاوی کردووەتەوە، وردەکاریی دەرهاویشتەکانی پێوەندییەکانی سەرۆکی فەڕنسای لەگەڵ هاوتاکانیدا نەدرکاندووە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیێنداروەکەی ئەلیزێ، لە چەند ڕۆژی دابێیش، (ماکڕۆن) لەگەڵ سەرکردەی دەوڵەتانی دیکەش هەر پێوەست بەم پرسە قسە دەکات.
کۆشکی ئەلیزێ ئەوەی ڕوون کردووەتەوە، کە لە پاش دیداری (ماکڕۆن) و (حەریری)، سەرۆکی فەڕەنسا دەستپیشخەریی پێویست لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری لە لەبنان دەخاتە ڕوو.
پاریس دەیەوێ، لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانیی وڵاتان بۆ لوبنان بە دەست بێنێ، بەڵام هێشتا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
زریان زیاد




