١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانی عێراق بوودجەی 2018ـی بۆ حكوومەت گەڕاندەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info-  ئەنـدامێكی كورد لە‌ لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق بوودجەی 2018ـی بۆ حكوومەت گەڕاندەوە و، بۆ دانیشتنی ئەمڕۆیش رێگری لە 15 پەرلەمانتاری كورد دەكرێت بەشدار بن.

(نەجیبە نەجیب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند، "لە دوێنێوە دوای گەییشتنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2018ـی عێراق بۆ پەرلەمان، بە نووسراوی فەرمی گەڕێندرایەوە بۆ حكوومەت و وا دیارە حكوومەت دەیەوێت گۆڕانكاریی تێدا بكات."

لەبارەی بژاردەی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە ئەگەری كەمكردنەوەی پشكی كورد كە 12,67% دانراوە، (نەجیب) گوتی، "لە دوای 2014، بوودجەی 2018 خراپترین بوودجەیە كە زۆر بڕگەی دژی هەرێمی كوردستان تێدایە و مافە دەستووری و یاساییەكانی پێشێل كراوە، بۆیە ئەگەر تەواوی كورد ببێتە یەكدەست هەروەك دەبینین لەسەر ئاستی ئاخافتن و بەیانەكان یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی هەیە، ئەگەر بە جیددییش هەڵوێست وەربگرین هەموو كورد، ئەوا كاریگەری دەكاتە سەر هەڵوێستی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كە پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیاندا بكەن، چونكە ئەگەر گۆڕانكاری لە حكوومەتدا نەكرێت، لە پەرلەمان ئەستەمە، چونكە پەرلەمان لە دەستی هەندێك لایەندایە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیێنن و كاریگەرییان هەبێت."
ئەو ئەنـدامە كوردەی‌ لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان دەشڵێت، "ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەیە،‌ ئێمە كە 15 پەرلەمانتاری كوردین و لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە دەوڵەتی یاسا سزا دراوین و دەڵێن، رێگاتان پێ نادەین بەشداریی دانیشتنەكان بكەن، لێرەیشدا مەبەستەكەیان سیاسییە بۆ زیاتر لاوازكردنی كورد، بەڵام ئێمە بەشداری دەكەین."

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار