ئەمریکا سزا بە سەر بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبیدا دەسەپێنێت

هەولێر-KDP.info- کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ مانگی دیکە دەوڵەتی ئەمریکا بە تۆمەتی هاوکاریی تیرۆریزم، ئابڵۆقە دەخاتە سەر بزووتنەوەی نوجەبای عێراق کە بەشێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
بەپێی هەواڵێکی سایتی فەرمیی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سایتی بوڵتن نیوزی ئێران بڵاوی کردەوە، واشنتۆن لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پڕۆژەیاسایەکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا پەسەند بکرێت.
بە گوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە بزووتنەوەی نوجەبای عێراق و چەندین ڕێکخراوی دیکەی توندڕەو دەکەونە بەر ئابڵۆقەی ئەمریکا.
کۆنگرێسی ئەمریکایش لە ڕاپۆرتێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، بزووتنەوەی نوجەبا بە سەرکردایەتیی ئەکرەم کەعبی کە لە فەرمانەکانی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئێران پێڕەوی دەکات و فەیلەقی قودس و سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئەرکی ڕاهێنانی سەربازی و هاوکاری دارایی و پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئەو ڕێکخراوە لەئەستۆ گرتووە، ڕاهێنانەکانیان لەلایەن ڕاوێژکارانی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانەوە ئەنجام دەدرێت.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی کۆنگرێسی ئەمریکادا هاتووە کە وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە ڕێکخراوی نوجەبای بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی لە عێراق تۆمەتبار کرد، لەوانە هاوەنبارانکردنی ناوچەی سەوز لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٨. هەروەها بە هۆی نزیکیی بزووتنەوەکە لە حزبوڵڵای لوبنان کە پشتیوانیی ئەوان لە ڕێکخراوە لوبنانییەکە بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە، کۆنگرێس ئاشکرای کردووە نوجەبای عێراق تیمێکی سەربازی پێکهێناوە بۆ بەشداری لە ئازادکردنی بەرزاییەکانی جەولان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل دایە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئەمنییەتی ڕێگای نێوان ئێران و لوبنان بۆ گەیاندنی هاوکاریی سەربازیی تاران بە حزبوڵڵای لوبنان. بۆیە بەپێی لێکۆڵینەوەکەیان، کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاندووە بزووتنەوەی نوجەبای عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی دەرەوە دەناسرێت و دوای پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە، لە ماوەی سێ مانگدا سەرۆکی ئەمریکا ڕادەسپێردرێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕێکخراوی نوجەبا و ئەو کەس و لایەنانەش کە پەیوەندییان پێوە هەیە.




