لە خورماتوو حەشدی شەعبی و بەرەی تورکمانی لەسەر تاڵانکردنی ماڵان بەشەڕ هاتن
__2017_11_14_h15m40s44__ER.jpg)
دوزخورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو گوتی، ئەمڕۆ لە قەزای دووزخورماتوو شەڕ لە نێوان حەشدی شەعبی و بەرەی تورکمانی لەسەر تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتییان دروست بووە و تەقەش لە نێوان ھەردوولادا ڕووی داوە.
عەقید (کاوە مەلا پەروێز)، بەڕێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دۆخی قەزای دووزخورماتوو زۆر ئاڵۆزە و تەقاندنەوە و سووتاندن و تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتییانی کورد بەردەوامە و ھەر ئەمڕۆش لەسەر تاڵانکردنی ماڵان شەڕەتەقە لە نێوان چەکدارانی عەسایب ئەھلی حەق و چەکدارانی بەرەی تورکمانی دروست بووە، لەبەر ئەوەی ھەریەکەیان دەیەوێت زیاتر ماڵی خەڵک تاڵان بکات.''
عەقید (کاوە مەلا پەروێز) گوتی: ''جگە لەوەش، ھەر دوێنێ سێ خانووی دیکەی ھاووڵاتییانی کورد تەقێندراوەتەوە و ئەو حاڵەتانەش ڕۆژانە بەردەوامە.''
لەبارەی ھاتنی ھێزێکی سەرۆککۆمار بۆ دووزخورماتوو، (مەلا پەروێز) باسی لەوە کرد: ''حەشدی شەعبی ڕازی نەبوون ئەو ھێزە بێتە دووزخورماتوو و باسیان لەوە کردووە، نابێ کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە.''
لەبارەی زیانەکانی ماڵی کوردەکان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو، (محەمەد فایق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا حەشدی شەعبی ٦٠ خانوو و ٢٠٠ دوکان و کۆگای تەقاندووەتەوە وسوتاندوونی و١٥٠ماڵی دیکەشی سوتاندووە و تاڵانی کردوون.''
(فایق) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو خانووانەی کە هی کورد بن، یان کارگە و مووەلیدە ئەھلیەکان، کە خاوەنیان کورد بێت و بەکرێ لای عەرەب بن، حەشدی شەعبی چوونەتە لایان و ھەڕەشەیان لێ کردوون، پێویستە کرێ و داھاتەکەی بدەنە حەشدی شەعبی و نابێ بیدەن بە کورد.''
بڵند ئیبراھیم




