ڕۆیتەرز، چۆنیەتیی هەڵگەڕانەوەی سعوودیا لە حەریری ئاشکرا دەکات

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی هەینیی ڕابردوو 3ـی نۆڤەمبەر، لە ساتی گەیشتنی فڕۆکەکەی بۆ سعوودیا، (سەعد حەریری) دەستبەجێ زانیویەتی کە دۆخەکە ئاسایی نییە.
لە فڕگە، وەک باو بووە کە سەرۆکوەزیرێک لە سەردانێکی فەرمیدا و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ (شاسەلمان) شای ئەو وڵاتە، شازادە سعوودیاییەکان و بەرپرسانی حکوومەت لە پێشوازیدا بوون ئهمجارهیان لهوێ نەبوون. سەرچاوەگەلی باڵای نزیک لە (حەریری) و بەرپرسانی لوبنانی ئەوەیان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاگەیاندووە.
لە دووەم ڕۆژی مانەوەی لە سعوودیا، تەلەفونە کەسییەکەی لە (حەریری) دەستێنن و، بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تەلەڤزیۆنەکانی کە سعوودیاییەکان بەڕێوەی دەبەن، بڵاو کرایەوە، ناچار بە خوێندنەوەی ڕاگەیێندراوی دەستلەکارکێشانەوەیەکی دەکەن.
ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە وادەکات جارێکی دیکە لوبنان بەرەوڕووی ململانێی نێوان سعوودیا و ئێران ببێتەوە.
ئەم ململانێیەش لە نێوان ئەم دوو هێزە هەرێمییەدا هاندەر دەبێ بۆ قووڵکردنەوەی ململانێکان لە عێراق، سووریا و یەمەن، کە هەریەکەیان لە پشت لایەنێکی ململانێکانی وڵاتەکانیانەوەن.
لە ئێستادا ئەم ململانێیە هەڕەشە لە سەقامگیریی لوبنان دەکات، کە سعوودیا دەمێکی دروێژە دەیەوێ حزبوڵلای لوبنانیی نزیک لە ئێران لاواز و پەڕوباڵ بکات، کە هێزێکی دیاری ئەو وڵاتەیە.
سەرچاوەگەلی نزیک لە (حەریری) دەڵێن، سعوودیا لەوە بووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی لوبنان کە کوڕی سەرۆکوەزیرانی پیشووتری ئەو وڵاتە(ڕەفیق حەریری)ـە- هاوپەیمانێکی دوورمەودا لهگەڵ سعوودیا ، ناتوانێ و ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە بەرەوڕووی حزبوڵڵا ببێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە لوبنانییەکان، ڕیاز دەمێکە پلانی ئەوەی هەیە، براگەورەکەی (بەها حەریری)، وەک سیاسیێکی دیاری سوننەمەزهەب لە جێی (سەعد حەریری) بێنێتە مەیدانی سیاسیی لوبنانەوە.
(بەها) کە لە سعوودیایە، داوا لە خانەوادەکەی کراوە بچێت بەیعەت بدات، بەڵام ئەم داوایەی ڕەت کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە (حەریری) بە ڕۆیتەرزی گوتووە "هەرکە فڕۆکەکەیان لە ڕیاز نیشتەوە، دەستبەجێ لەو پەیامە تێگەیشتن کە دۆخەکە ئاسایی نییە. کەس لە فڕگە لە چاوەڕوانیدا نەبوو."
هەڵبەتە سعوودیا ڕەتی دەکاتەوە (سەعد حەریری) ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرابێ و دەڵێ کە ئەو کەسێکی ئازادە.
لەوەتەی دەستی لە کار کیشاوەتەوە، هێشتا (سەعد حەریری) هیچ لێدوانێکی ڕاستەوخۆی نەداوە هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە کەی بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە.
لە پێوەندیێکی تەلەفونیدا کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە-2ـی نۆڤەمبەر- ئەنجام دراوە، (سەعد حەریری) لەسەر داوای سعوودیا بۆ دیدار لەگەڵ (شاسەلمان) بانگهێشت کراوە.
زریان زیاد




