ئه‌مەریكا، ئیسرائیل و به‌ریتانیا: ئێران وه‌ڵامێكی به زه‌بر وه‌رده‌گرێت

هەولێر-KDP.info- له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكادا، باس له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه تووندڕۆ ئیسلامییه‌كان و رۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا كراوه. به‌رپرسانی ئه‌و سێ وڵاته جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه كه "به زووترین كات ئێران وه‌ڵامێكی به زه‌بر وه‌رده‌گرێت."
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كۆنگرێسدا كه دوێنێ (سێشه‌ممه) له باره‌گای سه‌ره‌كیی (رایبۆرن هاوس) له واشنتن بەڕێوه چوو، پسپۆڕانی سیخوڕی و سه‌ربازیی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا تێیدا به‌شدار بوون.
(سه‌ڵاح بایەزیدی) هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا له زانسته سیاسییه‌كان و ئه‌ندامی ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایی، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بووە. ئه‌و كه كورده، له ناو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا قسه‌ی كردووه.
سه‌ڵاح بایەزیدی
(سه‌ڵاح بایەزیدی) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆنگرێسدا، شاندی باڵای سیخوڕی و سه‌ربازیی ئیسرائیل، ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه كه نزیكه‌ی 100 هه‌زار مووشه‌كی ئێرانی له قه‌باره‌ی جیاوازدا، له ده‌ستی حزبولڵای لوبنان دایه و، زۆربه‌یان له ناو شوێنه گشتییه‌كاندا حه‌شار دراون. شانده‌كه‌ی ئیسرائیل به ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپایان راگه‌یاندووه، كه چیتر راناوه‌ستن و له زووترین كاتدا، هه‌موویان له‌ناو ده‌بەن".
رۆژی چواری ئه‌م مانگه، (سه‌عد حه‌ریری) سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان، له سعوودیاوه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند. ئه‌و، ئاشكرای كرد كه لوبنان، وه‌ك لوبنانی سه‌رده‌می (ره‌فیق حه‌ریری) سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی لوبنانی لێ هاتووه و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ك باوكی تیرۆر بكرێت.
(سه‌عد حه‌ریری) ئاماژه‌ی به رۆڵی ئێران له لوبنان كردووه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه كه "ده‌ستی ئێران له هه‌ر كوێیه‌ك بێت، ئاژاوه و وێرانكاری رووی تێده‌كات". (حه‌ریری) ده‌ڵێ، "رێگه ناده‌ین لوبنان ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه و ده‌ستی ئێران له ناوچه‌كه ده‌بڕدرێت. حزبوڵڵای لوبنان، به پشتگیریی ئێران، ده‌وڵه‌تێكه له ناو ده‌وڵه‌تدا و له ناو رۆڵه‌كانی یه‌ك گه‌لدا تۆوی فیتنه ده‌چێنن و ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی وڵات بگرنه ده‌ستی خۆیان".
كه‌ركووك له ناو كۆنگرێس
وڵاتانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چه‌كدارانی سه‌ر به ئێران، دۆخی وڵاتانی وه‌كوو عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن و لوبنانیان تێك‌داوه. دوای ئه‌وه‌ی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن مووشه‌كێكیان ئاراسته‌ی ریازی پایته‌ختی سعوودیا كرد، هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی به سه‌رۆكایه‌تیی سعوودیا، جه‌ختیان كرده‌وه كه ده‌ستی ئێران له‌و هێرشه‌دایه و ئێرانیش بێ وه‌ڵام ناهێڵنه‌وه.
عێراق، یه‌ك له‌و وڵاتانه‌یه كه ئێرانی رۆڵی به‌رچاوی له بواری سیاسی و سه‌ربازیدا تێدا ده‌گێڕێت. له دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، حه‌شدی‌شه‌عبی و سوپای عێراق هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم برد و ئێستا به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌یان له‌ژێر كۆنترۆڵدایه.
(قاسم سلێمانی) فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، به ئاشكرایی له ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری كه‌ركووك، فه‌رمانده‌یی هێرشه‌كه‌ی حه‌شد و سوپای عێراقی بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌كرد.
(سه‌ڵاح بایەزیدی) له ناو كۆبوونه‌وه‌كی دوێنێی كۆنگرێسدا، باسی له هێرشی حه‌شد و سوپا بۆ سه‌ر كوردستان و كۆنترۆڵكردنی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری له‌لایه‌ن به‌غداوه كردووه.
(بایەزیدی) ده‌ڵێ، "زۆربه‌ی پسپۆڕانی ئێره پێیان وایه، به هۆی لێكترازان و نایه‌كگرتووییی كورد له هه‌رێمی كوردستان، حه‌شد و سوپای عێراق توانیویانه پێشڕه‌وی بكه‌ن. كه‌سیش پشتگیری له گه‌لی نایه‌كگرتوو ناكات. من له باره‌ی رۆڵی ئێران له داگیركردنی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوبوونی هیلالی شیعه قسه‌م كرد. هه‌موو به‌ڵێنیان دا كه له زووترین كاتدا ئێران وه‌ڵامێكی به زه‌بر وه‌رده‌گرێت".
سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هێرشی حه‌شد و سوپای عێراق بۆ سه‌ر خاکی باشووری كوردستان، به ئاگاداریی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بووه و بۆیه ئێستا له كۆڕ و كۆبوونه‌وه سیاسییه‌كاندا قسه له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت.
كاوه جه‌م





