١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئاکادیمیێک: ساڵی دابێ، ئەمەریکا سیاسەتی ڕاگرتنی هاوسەنگی پێڕۆ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  شارەزایەکی پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان، سەرباری ئەوەی گۆڕانکارییەکان بە ڕێککەوتنی نهێنی نێوان ئەمەریکا و ئێران ناو دەبات، باوەڕیشی وایە، ساڵی دابێ، ستراتیژی (دۆناڵد ترامپ) بۆ سنوورداركردنی دەستتێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە شێوەیەكی كرداری دەست پێدەكات و بە قازانجی عەرەب لە ناوچەكەدا دەیشکێنێتەوە.

ئەمەریکا لەمپەرەکانی بەردەم ئێرانی نەهێشتووە
لە ١٦ـی ئۆکتۆبەردا، سوپای عێراق ‌و حەشدی شەعبی بە هاوكاری ‌و پشتیوانیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە سوپای عێراق بەبێ شەڕ ڕادەستی داعشی کردبوون و، دواتر هێزی پێشمەرگە بە قوربانیی زۆر ئازادی کردنەوە، بۆ سەرخستنی پلانی ئەم هێرشە، چەند کەسێکی لایەنێکی کوردستانی، ڕێیان بۆ خۆش کردبوون کە دواتر لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حزبەکوردستانییەکانی باشووری کوردستانەوە بە خیانەت ناو برا.
ئەمەریكا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ پڕۆسەی "ئازادکردنی عێراق"ـی بەرپا کرد و هێشتا هەژموونی بەسەر شێوازی فەرمانڕانی لەم وڵاتەدا هەیە، لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی حەشدی‌شەعبیدا بێدەنگی هەڵبژارد، (ئاسۆ قەرەداخی) ئەو بێدەنگییەی ئەمەریکا بۆ پەیوەندییە نهێنییەكانی ئەو دوو وڵاتە دەگێڕێتەوە و باوەڕی وایە: "پەیوەندیی نێهنی ئێران و ئەمەریکا لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات نراوە".

(ئاسۆ قەرەداخی) کە ماستەری لە پێوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكاندا هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێچەوانەی بۆچوونە باوەکان گوتی: "ڕووداوەكانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو و هەموو ئاماژەكانی ئێستایش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، كە ئەمەریكا و ئێران دۆستایەتییەكی باش لە نێوانیاندا هەیە و باشترین پارێزەری بەرژەوەندییەكانی یەكترن لە ناوچەكەدا، ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی هاوپەیمانە نهێنیەكەی لە ناوچەكەدا، زۆر هەنگاوی جیددی و كرداریی ناوە، تاوەکو هەرچی كۆسپ و ڕێگرییەكانی بەردەم فراوانبوونی هەژموون و دەستەڵاتی ئێرانە، لابدات."

ناوبراو نموونە بە لادانی ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و بەعس لە عێراق، كە دوژمنی سەرسەختی ئێران بوون و ڕێگر بوون لە بەردەم گەورەبوونی ئێراندا، ئەمریكا ڕووداوەكانی ١١ـی سێپتامبەری كردە بیانوو و، هەردوو ڕژێمی بە هێرشی سەربازی لەناو بردن، "عێراقی بە حازری تەسلیمی ئێران و شیعە كرد، تەنانەت ئەمەریكا بۆ پاراستی شاری بەغدا لە هێرشەكانی داعش، كەڵكی لە هێز و گرووپە چەكدارەكانی ئێران وەرگرت."

 



ئەمەریکا هەژموونی ئێرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەق کردووەتەوە
ڕێكکەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی ٥+١ و دانیشتنە نهێنیەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە سەردەمی ئیدارەی (ئۆباما)دا، ترسێكی گەورەی لای سعوودیا و وڵاتانی كەنداو درووست كردووە، كە زۆر كێشەی جیۆسیاسی و جیاوازیی مەزهەبی و ململانێی قووڵ و مێژووییان هەیە و چەند ساڵیشە شەڕێكی سارد لە نێوانیاندا بوونی هەیە. ئێستا دەستی ئێران گەیشتووەتە ئەو راددەیە کە سەرۆکوەزیرانی لوبنان (سەعد حەریری) لە وڵاتی سعوودیا بەیاننامەی دەستلەکارکێشانەوەی رابگەیەنێت و، هۆکارەکەشی بۆ دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە لوبنان گەڕاندەوە، دواتریش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتەنیاهۆ) مەترسییەکانی باڵادەستیی ئێرانی لە ناوچەکە راگەیاند، (قەرەداخی) دەڵێ: "بەهۆی بەهێزیی گرووپە چەكدارییە ئیسلامییەكان و ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، ئەمەریکا ترسێكی زۆری لێنیشت، کە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم هێزە ئیسلامیانە، بەرژەوەندیی خۆی و چارەنووسی هاوبەشە ئیسرائیلیەكەی بکەوێتە مەترسییەوە، كە لە سەدەی بیستەمدا لە لایەن عەرەبەوە زۆر هەوڵی سڕینەوەی درا، بۆیە لە حاڵەتی لەم شێوەیەدا ئەمەریكا كار لەسەر بەهێزبوونی ئێران، كە دوژمنی مەزهەبی و نەتەوەییی عەرەبە لە ناوچەكەدا، دەكات و ئێران وەك هێزێكی گەورە زەق دەكاتەوە، کەواتە ئەمەریکا گەیشتووتە ئەو باوەرەی، تەنیا بە بیر و باوەڕی شیعە دەتواندرێت دژایەتیی گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی جیهانی سوننە بكرێت، كە وڵاتە عەرەبییەكان و پاكستان و ئەفغانستان دەگرێتەوە".

ئێستا هەژموونی ئێران لە بەحرێن و یەمەنەوە بگرە تا عێراق و سووریا و لوبنان زۆر و فراوانە، لە ڕووداوەکانی سووریادا دەرکەوت نزیکەی ٦ ساڵە سوپای پاسداران، (بەشار ئەسەد)ی هێشتووەتەوە، ئەو شارەزایەی پیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەت دەکاتەوە، هەر هێزێك لە ناوچەكەدا نەیاری ئێران بووبێت، ئەمەریكا بە جۆرێك لە جۆرەكان لاواز یان پشتی تێكردوون، "باشترین نموونەش ئەوەیە کە باكووری یەمەن بە دەست حوسییەكان و باشووری لوبنان بە دەست حیزبوڵڵا و عێراقیش بە تەواوی ڕادەستی ئێران كراوە، دوای ڕووداوەكانی ئەم دوایەی عێراق و پشتکردنە مافی گەلی كوردستانیش بۆ سەربەخۆیی، هیلالی شیعە بە ئامانج گەیشتووە."

(ئاسۆ قەرەداخی) هەروەها دەڵێ، "كاتێك سعوودیا بێئومێد بوو لە (گێلێتی)ـی توركیا و بەرەی سوننە، خێرا كەوتە پێشبڕكێ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراقدا، لە ترسی زیاتر هاتنەپێشەوەی ئێران لە ناوچەكە و دەستتێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی شیعەكانی ناو سعوودیاوە."

بەهاری عەرەبی و لاوازکردنی سوننە
بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠١١ لە چەند وڵاتێکی سوننەی عەرەبی، کە بە ڕاپەڕینی جەماوەری روویدا، (قەرەداخی) بە بەشێک لەو پلانانەی ئەمەریكا و ئیسرائیل ناوی دەبات، کە بۆ لاوازكردنی جیهانی سوننەی عەرەب بووە، تاوەکو خاوەن هێزێكی گەورە نەبێت، هاوکات زیاتر دەرفەت بڕەخسێت بۆ پەلهاویشتنەكانی ئێران، تا عەرەب و سوننە، لە ترسی بوونی دوژمنێكی قەومی و مەزهەبی وەك ئێران لە ناوچەكەدا، بە ناچاریی پەنا ببەنە بەر ئیسرائیل، تا لەو دوژمنە ترسناكەی كە ناوی ئێرانە پارێزراو بن.


ستراتیژی (ترامپ)، ڕاگرتنی هاوسەنگی دەبێ

(ئاسۆ قەرەداخی) بۆچوونی وایە، تا ئەو كاتەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەم جۆرە بێت، تاوەکو ئێران بگاتە ئەو ئاستەی ببێت بە هەڕەشە بەسەر بەرژەوەندییەكانی خودی ئەمەریكا و ئیسرائیلیشەوە، یان ئەو ڕۆڵەی بە ئێران دراوە، كۆتایی پێ بێت! هەر بەم جۆرە ململانێكان بەردەوام دەبن "نەزانییە پێمان وابێت ئەمەریكا، ئێران بەو جۆرە لاواز بكات، كە تەرازووی هێز بگۆڕدرێت".

بەگوێرەی توێژینەوە سیاسییەكان، سیاسەتی ئێران وابووە کە کاریگەری هەبووە لەوەی بە تەواوی عەرەبی ڕادەستی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریكا كردووە، دەستلەكاركێشانەوەی (سەعد حەریری)ـیش لە ژێر گوشاری حیزوڵڵا و ئێراندا، ئەوەندەی تر باڵادەستیی ئێرانی زەق كردووەتەوە، کە ئەم پێشوەچوونانە لە بەرژەوەندیی ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا نییە و، (قەرەداخی) هێما بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا لە بەرانبەر ئێران دەکات و دەڵێ، "لە ساڵی داهاتوودا ستراتیژی (ترامپ) كە سنوورداركردنی ئێرانە بە شێوەیەكی كرداری دەست پێدەكات و دەستی ئێران بە قازانجی عەرەب لە ناوچەكەدا كورت دەكاتەوە، چونكە تەرازووی هێز خەریكە دەگۆڕێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ڕێك بخرێتەوە، یەكێكیش لە بنەماكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەیە كە نایەوێ هیچ كێشەیەك بە تەواوی چارەسەر بكرێت، بەڵكو كار لەسەر دروستكردنی كێشە دەكات (فوضى خلاقه‌-Creative chaos) دواتر دەستتێوەردان بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی."

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار