"لە حەفتەی دابێدا سوننەکانی مووسڵ دژی حەشدی شەعبی ھەڵوێستی توندیان دەبێت"

مووسڵ-KDP.info- خەڵکی شاری مووسڵ لە دژی حەشدی شەعبی کەوتوونەتە چالاکی و بەرپرسێکی شارەکەش دەڵێت، سوننەکانی مووسڵ بێزار بوونە لە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و لە حەفتەی داھاتوودا ڕووداوگەلێک ڕوو دەدەن لە دژی حەشدی شەعبی.
(شێخ محیەدین مزووری)، کارگێڕی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕەوشی ناو سەنتەری شاری مووسڵ زۆر ئاڵۆزە و دانیشتوانی مووسڵ بێزار بوونە لە دەست چەکدارانی حەشدی شەعبی، بە شێوەیەک کار گەیشتووەتە ئەوەی ھەر ھاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێت تەنانەت خانووەکەی بفرۆشێت، دەبێ بەشێک لە پارەکەی وەک سەرانە بە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بدات، لەبەر ڕەفتارەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی عەرەبەکانی مووسڵ بێزار بوون و دەڵێن جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و داعشدا نییە، دوێنێ جووڵەیەک ھەبوو لە لایەن خەڵکەوە دژی حەشدی شەعبی لە چەند گەڕەکێکی شاری مووسڵ دەنگۆی ئەوەش ھەیە ڕاپەڕین دژی حەشدی شەعبی ئەنجام بدرێت.''
(شێخ محیەدین مزووری) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بە پێی زانیارییەکانی نێو مووسڵ بە ئێمە گەیشتوون لە حەفتەی دابێدا ڕووداوی گرنگ ڕوو دەدەن لە دژی چەکدارانی حەشدی شەعبی، چونکە دوای ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە عەرەبە سوننەکانی مووسڵ دەڵێن، دوای کورد حەشد ھێرشی سەر ئێمەش دەکات و کار دەگاتە ئەوەی ھیچ عەرەبێکی سوننە لە شاری مووسڵدا نەھێلن و کارەسات بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا بێنن.''
قائید میرۆ
Attachments area




