١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: ھەرێمی کوردستان ئامادەی گفتوگۆی بێمەرجە لەگەڵ عێراق

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی ڕووی داوە سەرکردایەتیی کورد و لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی ھەرێم داوای گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ عێراق دەکەن لەسەر بنەمای دەستوور.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی بالیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق کرد، کە پێکھاتبوون لە (نیک لالێ)، جێگری بالیۆز و (لوسی سمیپ)، بەرپرسی دۆسیەی سیاسیی کونسووڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر.

لە دیدارێکدا وێڕای بەخێرھاتنی شاندی میوان، (فازڵ میرانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و تیشکی خستە سەر دواین پێشھات  و دواین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە، کە جێگای داخ و سەرسووڕمانە و چاوەڕوان کراوبوون، کە ھەمووانی نیگەران کرد و ڕایگەیاند: ''ئەم ھێرشانەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق پێچەوانەی بنەماکانی دەستوورن لە بەکارھێنانی ھێز بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕووی دا، سەرکردایەتیی کورد و لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی ھەرێم داوای گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ عێراق دەکەن لەسەر بنەمای دەستوور.''

ھاوکات سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: ''زۆر گرنگە، دۆستەکانی ئێمە چیی دیکە بێدەنگ نەبن و باش بزانن ئێمە کێشەمان لەگەڵ عەقڵییەتی بەڕێوەبردنە لە عێراق، کە تۆی جیاوازی قبووڵ نییە و ددان بە مافەکانتدا نانێت و تەنیا کار لەسەر بنەمای یەکترسڕینەوە دەکات و داوای ڕەوای تۆ بە خیانەت دەزانێت و گوێگرتن لە ڕای جیاواز و یەکترقبووڵکردن لە لایان نەماوە.''

جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ئەم دیدارە و ھیوای خواست، ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی بوونە جێگای نیگەرانی، بە گفتوگۆ چارە بکرێن، چونکە سەقامگیریی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە ھەیە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار