٩٠%ـی کاتالۆنییەکان بە بەڵێ دنگیان دا

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی کاتالۆنیا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ٩٠%ـی ئەوانەی لە ڕاپرسییەکەی جیابوونەوە لە ئیسپانیا بەشدار بوون، دەنگیان داوە بە بەڵێ.
سەرۆکی هەرێمی کاتالۆنیا(کارلۆس بیگیمۆنت) لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، بەوەی کە ملیۆنان کاتالۆنی بەشدارییان لە ڕاپرسیدا کرد، سەرباری ڕێغرییەکانی حکوومەتی ئیسپانیا، مافی ئەوەیان بە دەست هێنا کە دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێ.
سەرۆکی هەرێمی کاتالۆنیا ڕوو لە جەماوەرەکەی ڕایگەیاند، ئەو ڕاستییەمان سەلماند کە دەوڵەتی کۆماری سەربەخۆمان هەبێ.
داوایشی لە وڵاتانی ئەورووپایی کرد، نێوەندگیری لە نێوان کاتالۆنیا و ئیسپانیادا بکەن و گوتیشی "ئێمەش ئەورووپایین و بە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانمانەوە ئازار دەکێشین."
وەک گوتەبێژی حکوومەتی کاتالۆنیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، ٢ملیۆن و ٢٠٠هەزار کاتالۆنی دەنگیان بە بەڵێ داوە.
گوتیشی، ٢ملیۆن و ٢٦٠هەزار کەس لە راپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە.
لە دۆخێکی گرژیی ئەمنیدا و سەرباری ئەو بەربەستانەی کە پۆلیسی ئیسپانیا خستبوویە بەردەم دەنگدەران کە بە هۆۆیەوە سەدان کەس بریندار بوون، دوێنێ یەکشەممە، کاتالۆنییەکان چوونە
سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.




