١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مەکتەبی سیاسی پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رادیۆی دەنگی کوردستان کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رادیۆی دەنگی کوردستان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان: بەڕێوەبەرو ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..

بە بۆنەی (54)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی(ئێزگەی دەنگی كوردستان) پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو بیسەرانی ئێزگەی دەنگی كوردستان دەكەین، ئومێدەوارین وەك هەمیشە و بەدرێژایی تەمەنی پڕ بەخششیدا، بە هەمان پەیامی بەرپرسانەو دڵسۆزانە بەردەوام بن بۆ خزمەتی زیاترو بەرچاوتر بە كاروانی تێكۆشان و خەباتی گەلەكەمان و  هەڵگری بەیداغی ئاشتیخوازی و پێشكەوتنخوازی و سەربەخۆیی بن.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیارورێنمایی (بارزانی نەمر)وسەركردایەتی شۆڕش بەر لە (54)ساڵ هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر بوو شانبەشانی خەباتی سیاسی و چەكداری بزووتنەوەی رزگاریخوازیماندا بۆ داكۆكیكردن لە مافی رەوای گەلەكەمان و جۆشدانی گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێریی بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان.

دەنگی كوردستان مێژوویەكی پڕ سەروەری و شانازیە، هەربۆیەش بەدرێژایی تەمەنی كاروبەخششی توانیویەتی خزمەتێكی بەرچاوی بزاڤی نەتەوەیی و  كوولتوریمان بكات و هەمیشە دەنگێكی زوڵاڵ و هەقخوازانەی گەلەكەمان بێت بە هەموو پێكهاتە جیاجیاكانیەوە و هەردەم پێشەنگ بێت لە گوزارشكردن و گەیاندنی خواست و ویستی گەلەكەمان بە دەرەوەو جیهان، ئێستاش لەو قۆناغە نوێیەی خەباتی رزگاریخوازیماندا بە هەمان رێباز و پەیامی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەرێتی بەردەوامە وەك هەمیشە مینبەرێكی راستبێژی و هاوچەرخانەو سەنگەرێكە بۆ خستنەرووی خواستوویست و ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان لە سەربەخۆیی و بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ.

هیوادارین لەو بۆنەیەدا زیاتر و لە گشت روویەكەوە بەرەو پێش بچن و شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی رۆڵی ئیجابیانەی خۆتان ببینن لە رەوایی كێشە سیاسیەكەمان و یەكڕیزیی هێزە سیاسیەكان و هۆشیاركردنەوەو هاندانی چالاكی مەدەنی و جەماوەریی و پتەوكردنی زەوینەوبنەماكانی  پێكەوەژیان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و گەیشتن بە تەواوی ئاواتەكانمان.

هەمدیسان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ رادیۆی دەنگی كوردستان دووپات دەكەینەوەو بە هیوای پێشكەوتن  و سەركەوتنی زیاتر لە كارەكانتان..

سڵاوودروود لە گیانی پاكی ئەو زاتانەی لەرێی سەروەریی ئەو كاروانە پیرۆزەدا شەكەت و ماندوو بوون و  لەو پێناوەشدا سەریان نایەوە...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
27/9/2017
 

هەواڵی پەیوەندیدار