یونامی: ئەگەرچی لە گۆڕەپانی جەنگدا دۆڕاوە، داعش بەردەوامە لە کوشتن

هەولێر-KDP.info- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی)، ئەمڕۆ هەواڵی تەقینەوەیەکی بڵاو کردەوەکە بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل و چەند ئەندامێکی یەکەکانی حەشدیهشەعبی لە گوندێکی ڕۆژئاوای شاری مووسڵ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، تەقینەوەکە لە ڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە لە قوتابخانەیەکی گوندی مەجارینی ناحیەی حومێدات لە ناوچەی مووسڵ، کە ئەویش لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە دانرابۆوە پێش ڕاکردنیان و پاشەکشەکردنیان لە ناوچەکە لە مانگی ئاب.
لە بەیاننامەیەکی یونامیدا هاتووە: (یان کوبیش) نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، گوتی: "تیرۆریستانی داعش لە دوای هەڵاتنیشیان هەر بەردەوامەن لە کوشتن. ئەو تەقینەوەی ئەم دواییە و هێرشە خۆکوژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە دژی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانان و هاووڵاتیانی سڤیل بەڵگەی ڕوون و ئاشکران، کە تیرۆریستان هێشتا جێگەی مەترسین لە سەرتاسەری وڵات".
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان هاوخەمیی خۆی بۆ خێزانەکانی کوژراوان دەربڕی و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.




