پارتی، پیرۆزبایی لە ٤١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستدیموكراتی كوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- وێڕای پیرۆزباییی ٤١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستدیموكراتی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی پارتی دەخوازێ، هەمووان بە رۆحیەتی هاوپەیمانەتی و بەرپرسیارەتیی مێژووییەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەل، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكییەوە، بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەو هەلومەرجە دژوارەی ئەمڕۆ لە ئارادایە، کار بکەن.
پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی ٤١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستدیموكراتی كوردستان
بەڕێز / کاک محەممەدی حاجی مەحموود سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیستدیموكراتی كوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیستدیموكراتی كوردستان.
بەبۆنەی ٤١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، ئومێدەوارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی كێشەی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی مافەكانی.
رۆڵی بەڕێزتان و حزبە خەباتگێڕەكەتان لە كاروانی دوورودرێژی شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و، شەهید و قوربانی و بەخششی زۆرتان بۆ بەرگریكردن لە دەستكەوتەكان و گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان مایەی شانازییە.
ئێمە كاتێك ئەو یادە پیرۆز دەكەین و خەبات و فیداكاری و ئەو قوربانیانەی ئێوە بەهەند دەگرین، هاوكات بەهۆی رەوشی گرینگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، وا پێویست دەكات زیاتر مكوڕ بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشە و گیروگرفتانەی نێوخۆ و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و، داكۆكیكردن لە ئەزموون و دەستكەوتەكان و پاراستنی رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و، سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و بەدەستهاتنی سەربەخۆیی.
هیوادارین هەموو لایەك بە هەمان رۆحیەتی هاوپەیمانەتی و بەرپرسیارەتیی مێژووییەوە، درێژە بە هەوڵ و كۆششەكانمان بدەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكییەوە كار بكەین بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەو هەلومەرجە دژوارەی ئەمڕۆ لە ئارادایە و، هەرێمی كوردستان بگەیەنینە كەناری هەمیشەیی ئارام و ئاسوودەیی و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هەر سەركەوتووبن ....
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان




