ھەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ ساڵی داھاتوو دوا خرا

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕیار درا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی دابێ دوا بخرێت و لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
(ئیسلام حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە درێژەی گفتوگۆکانی پەرلەمان دەربارەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکان درا بۆ ساڵی دابێ، کە بڕیار بوو مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.''
(ئیسلام حوسێن) گوتی: ''ئێستا ناکۆکی لەسەر ئەوە ھەیە، کە تاکو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت، ئەنجومەنەکانی ئێستا ھەڵبوەشێندرێنەوە و پارێزگارەکان کارەکان بەڕێوە ببەن، بەڵام ئێمە دژی ئەوەین و ڕازی نابین، چونکە بەوشێوەیە کاروباری پارێزگاکان دەوەستێت.''
(ئیسلام حوسێن) گوتیشی: ''بۆ پارێزگای کەرکووکیش داوا دەکرێت بە ھەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بێت، بۆیە ناکۆکی لەسەر ئەو پرسە ھەیە و بڕروا ناکەم لەسەری بگەنە ڕێککەوتن.''
بڵند ئیبراھیم




