بەڵێندەرانی ھەرێم و عێراق، مووسڵ ئاوەدان دەکەنەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆنگرەیەک لەنێوان کۆمپانیاکانی ھەرێم و عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ ساز بکرێت و سندووقی کۆکردنەوەی ھاوکارییش بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، لە ھەرێمی کوردستان دەبێت.
بە هۆی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشەوە، مووسڵ وەک گەورەترین شاری عێراق بە تەواوی خاپوور کراوە و کاری زۆر پێویستە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی.
شاری مووسڵ کە بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسێندرابوو، بەھۆی شەڕی سێساڵەی داعش و ھێرشی سوپای عێراقەوە بۆ شارەکە، زۆربەی باڵاخانە و خانوو شوێنە گشتییەکانی خاپوور کراون و چاودێرانی پێیانوایە چەندین ساڵ پێویستە بۆ ئاوەداکردنەوەی شارەکە.
(دکتۆر سەرۆ دزەیی) سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان- لقی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کۆمپانیا و بەڵێندەرانی ھەرێمی کوردستان خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ ئامادە کردووە و، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ دەکرێت و گوتیشی، "بڕیارە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە شاری ھەولێر ئەنجام بدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و، کۆمپانیا و بەڵێندەرە بەھێز و خاوەن سەرمایەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە کار دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ."
ئەو دەڵێ "ئێمە دانوستانمان لەگەڵ (دکتۆر مستەفا ھیتی) سەرۆکی سندووقی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ مووسڵ کردووە، کە سندووقە بێننە ھەرێمی کوردستان و لەو رێگەیەوە ھاوکارییەکی باشتر بۆ مووسڵ کۆ دەکرێتەوە."
قائید میرۆ




