پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح

بە بۆنەی هاتنەوەی رۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح ( سڵاوی خوای لێ بێ) بەناوی خۆمان و گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە جوانترین پیرۆزبایی لە كریستیانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەین و ئومێدەوارین بە خێر و خۆشی بۆ ئەوان و هەموو لایەكمان بگەڕێتەوە.
لەم بۆنەیەدا هەڵوێستی نەگۆڕی پارتیمان دووپات دەكەینەوە بۆ بەدیهاتنی هەموو مافە مەدەنی و سیاسی و كولتوورییەكانی ئاشوور و كلدان و ئەرمەن لە عێراقدا. هەروەها لە یەك سەنگەردا لەگەڵ ئەوان تێدەكۆشین لەپێناوی كۆتاییهێنان بە هەڵمەتی تیرۆریستی و جیاكاری بەرامبەریان لە عێراقدا، كە بۆتە مایەی زوڵمێكی گەورە لەسەریان و بەو هۆیەوە جگە لە هەزاران شەهید هەروەها بە هەزارانیشیان لە زێدی خۆیان دەربەدەر و راگوازراون. لە ئاكامیشدا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێرەیش جگە لەوەی نیشتمانی هەموومانە و مافەكانیان لێرە مسۆگەر و دابین كراوە، هەوەها بۆتە باوەشی گەورەی لە ئامێزگرتنی هەموو ئەوانەیان كە لە شارە جیاجیاكانی عێراقەوە هەڵاتوون. تا عێراقیش لە نەهامەتی و تیرۆر و تاكڕەوی رزگاری دەبێ، هەرێم پەناگەی ئارامی كریستیانان و هەموو مەزوڵومان دەبێ.
دووبارە هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێ) لە هەموو كریستیانان پیرۆز دەكەین و ئومێدەوارین ساڵی داهاتوو لە عێراقێكی ئارام و دیموكراسی و گەشەكردوودا ئەم یادە پیرۆزە بكەینەوە.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24/12/2012

__2021_04_03_h23m18s5__JH.jpg)


