ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: داوامان لە عەبادی كردووە حەشدی شەعبی لە مووسڵ بكشێتەوە

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، دوای ئەوەی مووسڵ بە تەواوی لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە، داوایان لە سەرۆكوەزیران كردووە كە، پێویستە حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای مووسڵ بكشێتەوە، چونكە ئەگەر بمێننەوە، كێشە دروست دەكەن.
(ھاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا لە لای چەپی شاری مووسڵ تا رادەیەك ئەمنییەت باشە و ھەندێك پرۆژی خزمەتگوزارییشی تێدا ئەنجام دراوە، پلانیش دانراوە لە ماوەی سێ مانگدا لای راستی شاری مووسڵیش ئەمنییەت و خزمەتگوزاریی بۆ دابین بكرێت، چونكە لەنێو ھەندێك گەڕەكدا تا ئێستاش تاك تاك چەكداری داعش ماون و ھێزە ئەمنییەكانیش سەرقاڵی پاككردنەوەی ناوچەكەن لەو تیرۆریستانە".
(بریفكانی) ڕوونیشی كردەوە، "لە ئێستادا مووسڵ بە تەواوەتی رزگار كراوە و پێویستە حەشدی شەعبی لە مووسڵ بكشێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش داواكاریمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، چونكە ئەگەر ئەوان لە ناوچەكە بن، كێشە دروست دەبێت".
بەپێی راپۆرتی رێكخراوە جیھانییەكانی مافی مرۆڤ، حەشدی شەعبی تاوانی جەنگی لە مووسڵ ئەنجام داوە و چەندان ھاووڵاتیی سڤیلیشی كوشتوون.
بڵند ئیبراھیم




