١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

سکرتێری پارتی ماف و ئازادییەکان: لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوڕاین لەمەڕ پرسە ستراتیجی و نەتەوەییەكاندا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سکرتێری گشتیی پارتی ماف و ئازادییەکان پشتگیریی پارتەکەی بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی)، سكرتێری (م.س) پێشوازیی لە سەرۆكی گشتیی پارتی ماف و ئازادییەكان، (ڕفیق قەرەقۆج) و شاندێكی یاوەری کرد، كە پێك هاتبوون لە (لەتیف ئەزدەمیر)، جێگیری سەرۆك و (دوزگین كایلان)، جێگیری سەرۆك و (زانا سەزەن)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی ماف و ئازادییەكان.

لە دیدارێكدا كە (عیزەددین بەرواری)، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و (رەمزی شەعبان)، ئەندامی یەدەكی (م.س) و (علی حوسێن)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كوردستانی و عێراق ئامادە بوون، (فازڵ میرانی) خوشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم دیدارە و بە هەنگاوێكی گرینگی وەسف كرد.

سكرتێری (م.س) تیشكی خستە سەر پرسە گرینگەكانی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و دوا پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و جەختی کردەوە، كە ئەمە چەندین ساڵە گەلی كورد لە پێناو ئازادی و ئاشتیدا تێدەكۆشێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خۆی و هەردەم فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بووە و دەبێت. ئەمڕۆ وەرچەرخانێكی گرینگە لە مێژووی گەلی كورددا، كە لە ڕێی نموونەی دیموكراسییەوە داوای مافەكانی خۆی دەكات، کە ئەویش بڕیاری گەلی كوردە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەم هەنگاوە گرینگە تەواوكەری ئامانجی خەباتی میللەتی كوردە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا. هەروەها سكرتێری (م.س) تەئکیدی كرد، كە ویست و داواكارییەكانی گەلی كوردستان لە ڕێی ئاشتییانە و دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی پیادە دەكرێت و پارتی هەمیشە كوردایەتیی كردووە و خۆی بە پارێزەری دەستكەوتە نیشتمانییەکان دەزانێت و هەڵوێستەكانی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە. لە لای خۆیەوە سەرۆكی گشتیی ماف و ئازادییەكان سوپاسی سكرتێری (م.س) كرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی لێیان كرا و تەئکیدی كرد، كە ئەوان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكەن و گوتی: ''ئێمە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوڕاین لەمەڕ پرسە ستراتیجی و نەتەوەییەكاندا و گرینگە خەباتی ئاشتییانە و مەدەنیانە بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی گەلی كورد و تەئكیدی كرد، كە پەیوەندییان لەگەڵ پارتی لە ئاستێكی هەرەبەرزدایە و جەختی كردەوە، كە هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) زۆر گرینگن و لە بەرژەوەندیی هەموو تاكێكی كورددان، لە هەر شوێنێك بێت.''

لە كۆتاییدا (فازڵ میرانی) سوپاسی هەڵوێستەكانی پارتی ماف و ئازادییەكان كرد لەمەڕ پرسە نەتەوەییەكاندا و تەئكید كرد، كە ڕیفراندۆم مافێكی شەرعیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە خواست و مافەکانی کورد بگرن، كە دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیریی زیاتری سیاسی لە ناوچەكەدا و گرینگە هەموومان لە هەستیاریی دۆخەكە تێبگەین و بەرپرسیارانە هەڵوێست وەربگرین و بەرژەوەندیی باڵای گەڵی كورد لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكەوە دابنێن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار