میرانی: كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ لایەنە سیاسییەكان زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن

هەولێر-KDP.info- (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیمورکاتی کوردستان لە پێشوازیی ئەمینداری گشتیی پارتی دیموکراتی کلدانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ لایەنە سیاسییەكان زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی)، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە (عەبدولئەحەد ئەفرام)، ئەمینداری گشتیی پارتی دیموكراتی كلدانی و (د. ئامانج فرەنسیس)، ئەندامی كلدانی كرد.
لە دیدارەكەدا، كە (على حسین)، ئەندامى سەركردایەتیى پارتى دیموكراتى كوردستان و بەرپرسى پێوەندییەكانى نیشتمانى و عێراقى ئامادەى بوو، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، (فازڵ میرانی) باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش كرد و تەئكیدی كرد، كە بیر لە قۆناغی دوای داعش بكرێتەوە. چونكە ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ڕووی سەربازییەوە لە كۆتاییدایە، بۆیە دەبێ لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە ئەم بیرە توندڕەوییە ڕیشەكێش بكرێت، بەتایبەتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و ئاشتەوایی ناوچەكە.
هەروەها سكرتێری مەكتەبی سیاسی باسی لە فەرهەنگی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: ''ئەمڕۆ گرینگە یەكڕیز بین، بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتانەی كە بە ڕەنج و مەینەتییەكانی گەلی كورد و گیانفیدایی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان هاتووەتەدی و ئەمڕۆ كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ لایەنە سیاسییەكان زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی میللەتدا بێت.''
لەلای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی حزبی دیموكراتی كلدانی سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ستایش و سوپاسی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانى كرد بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەرگریكردن لە هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی و گوتی: ''كوردستان وڵاتی ئێمەیە و بەرگریشی لێ دەكەین و هیچ كاتێك ئەم پێكەوەژیانە برایانە لە بیر ناكەین.''




