١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی ٤٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٤٢)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکردن کە ئەمە دەقەکەیەتی:


هەڤاڵی بەڕیز مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

هەڤاڵانی قەدرگران لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بەبۆنەی هاتنەوەی یادی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین و لەرێی ئێوەشەوە سڵاو بۆ هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەنێرین و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەمڕۆ رۆژی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و هەموو حزب و چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانە لە بازنەی کارکردنی هاوبەش بۆ سەرکەوتنی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان تا گەیشتن بە سەربەخۆیی.

ئەمڕۆ لەهەر بڕگەیەکی دیکەی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستان کە قوربانی زۆرمان تێدا داوە، دەرفەتی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی گونجاوتر و پێگەیشتووتر بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەڵکەوتوە، تەبایی و هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان رێگای راست و دروستە بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە و کارکردن بۆ لابرنی هەر تەگەرەیەک کە لەسەر ئەو رێیە ماوە. لەمەشدا ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان متمانەمان بەوەیە کە هەڤاڵانمان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان درک بەم راستییە دەکەن و ئیشی جدی لەپێناویدا دەکەن.
بەتایبەتیش بۆنەی ٤٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەیان دەکەنە وێستگەیەکی دیکەی تەکان دان بە خەباتی نیشتمانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان. هاوکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی رێکخستنەوە و چاکسازی لە حکومەتی هەرێمدا کە ستوونی هەڵسانەوە و برەودانەوەیە بە گەشەی ئابووری کوردستان و دەرچوون لەو قەیرانەی چەند ساڵێکە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە. قەیرانێک کە نەیارانمان بە دەستی ئەنقەست دروستیان کرد تا چۆک بە خەڵکی کوردستان دابدەن و پرۆسەی پێشکەوتن رابگرن، بەڵام نە پیلانی ئەوان و نە شەڕی نەگریسی دەوڵەتی تیرۆرستی توانیان ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن، بەڵکو بەپێچەوانەوە دوژمنایەتی ئەوان بووە هۆکارێکی یاریدەدەری گرنگ کە خێراتر و شێلگیرانەتر بەرەو سەربەخۆیی بچین.

دووبارە ساڵرۆژی دامەزراندنی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان پیرۆز دەکەین.
سەرکەوتن بۆ خەباتی یەکێتی نیشتمانی دەخوازین.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانیانی رێی رزگاری کوردستان

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٣١/٥/٢٠١٧
 

هەواڵی پەیوەندیدار