١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: ڕاپرسی مافێكە و دەبێ خەڵكی كوردستان ئەنجامی بدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی) لە پێشوازیی سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستاندا ڕایگەیاند، ڕاپرسی مافێكە و دەبێ خەڵكی كوردستان ئەنجامی بدات و ئەمە دژی هیچ وڵاتێك نییە و دەبێتە چارەسەری زۆر كێشەی ناوچەكە و لەگەڵ بەغداش بە گفتوگۆ و دوور لە توندوتیژی و بە ڕاشكاوانە باسی لێ دەكرێت.


ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین، (فازڵ میرانی) پێشوازیی لە (باپیر كامەلا)، سكرتێری گشتیی پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان كرد.

لە دانیشتنێكدا كە (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەمەد) و (ڕێبوار یەڵدا)،  ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و (ڕەمزی شەعبان)، ئەندامی یەدەكی مەکتەبی سیاسی و (علی حسین)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی نیشتمانی و عیراقی ئامادەی بوون، (فازڵ میرانی) وێڕای بەگەرمى خێرهێنانی شاندی مێوان، خۆشحاڵیی خوی بۆ ئەم دیدارە دەربڕى و تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دواپەرەسەندنەكانی ناوچەكە و عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و تەئكیدی كرد، كە پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر یەكڕیزی و یەكهەڵویستیی نیشتمانیی هەموو لایەنەكانی كوردستان دەكات، وەك بنەمایەكی گرینگ بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەڵی كوردستان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواكانی، كە چەندین ساڵە لە پێناویدا خەبات دەكات و قوربانی زۆری داوە و بەتایبەتى ئێستا كە لە هەلومەرجی نێودەولەتیدا تێگەیشتنی باش بۆ مافەكانی گەلی كورد، بە مافی چارەی خۆنووسینیشەوە دروست بووە و گەلی کورد مافی خۆیەتی وەكو هەموو گەڵانی دنیا لە چوارچیوەی یاسایی و سیاسی و ئیداریی خۆیدا سنووری دیاریكراوی خۆی هەبێت.

سكرتێری مەکتەبی سیاسی  تەئكیدیشی كرد، كە راپرسی مافێكە و دەبێت خەڵكی كوردستان ئەنجامی بدات و ئەمە دژی هیچ وڵاتێك نییە و دەبێتە چارەسەری زۆر كێشەی ناوچەكە و لەگەڵ بەغداش بە گفتوگۆ و دوور لە توندوتیژی و بە ڕاشكاوانە باسی لێ دەكرێت و ئەمە بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و گرینگە هەموو لایەك كاری جدی بۆ بكات.

لە لای خۆیەوە (باپیر كامەلا)، سكرتێری گشتیی پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان، وێرای سوپاسگوزاریی خۆی بۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی كە لێیان كرا و باسی لە ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش و كاریگەری و ڕۆڵى جەنابی (سەرۆك مەسعوود بارزانی) لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەڵویستەكانی جەنابیان لە گوڕەپانی سیاسیی هەرێم و ناوچەكە و وڵاتانی دەرەوەدا، بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لە جیهاندا و تەئكیدی كرد، كە مافی چارەی خۆنووسین، مافێكی ڕەوای گەلی كوردە و زەروورەتێكی هەنووكەیییە و زۆر گرینگە لەم بارەیەوە گۆتاری كورد ڕێك بخرێت و ئێمەش بە هەموو توانایەك پشتیوانی لێ دەكەین.

لە كۆتاییدا هەردوو لا تەئكیدیان لەوە كردەوە، كە پەیوەندییەكانیان لە ئاستێكی بەرزدایە بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و گۆرانكارییەكانی ئەمڕۆ خێران و لە هەموو لایەك دەخوازیت یەكڕێز بن و ئەو دەرفەتەی بۆ گەڵی كورد ڕەخساوە، دەرفەتێكی مێژوویییە و دەبێ بەباشی سوودی لێ وەربگریت و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی كوردستان لە سەرەوەی بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنرێت.

شایانی باسە كە شاندی پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان پیك هاتبوو لە (باپیر كامەلا)، سكرتیری گشتی و (هاوكار محەمەد)، كارگێڕی مەکتەبی سیاسی  و (ساڵح كاكەیی) و (عەزیز ئەحمەد) و (تەحسین ڕەحمان) و (سامی خۆشناو)، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.



 

هەواڵی پەیوەندیدار