١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: حکوومەتی عێراق تەنیا داوای ئەرک لە هەرێم دەکات و لەبیری چووە هەرێمیش مافی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازیی شاندێکی حزبی شیوعیی عێراقدا ڕایگەیاند، حکوومەتی بەغدا تەنیا داوای ئەرک لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەبیری چووە، کە هەرێمی کوردستانیش مافی هەیە و مافەکانی پێ نادات.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەدین، (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی حزبی شیوعیی عێراق بە سەرۆکایەتیی (ڕائد فەهمی)، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی کرد و لە دانیشتنەکەدا کە (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەمەد)، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و (رەمزی شەعبان)، ئەندامی یەدەکی مەکتەبی سیاسی و (عەلی حوسێن)، بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانی و کوردستانییەکانی پارتی و (د. کاوە)، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان ئامادە بوون، (میرانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و پیرۆزباییی پارتیی ئاراستەی حزبی شیوعیی عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتن و سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٠ی حزبی شیوعی و داوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بۆ کردن.

(میرانی) ڕۆشنایی خستە سەر پێوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولا و بە نمونەی مێژوویی و ئاستە هەرەبەرزەکانی وەسف کرد و پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی هەنووکەی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، پێشکەشی شاندی میوان کرد.

سەبارەت بە ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا (میرانی) دووپاتی کردەوە، کە ڕیفراندۆم مافی هەرگەلێکە و پرەنسیپە دیموکراتییەکان و مافی مرۆڤ ئەم مافەیان چەسپاندووە؛ گوتیشی، حکوومەتی بەغدا تەنیا داوای ئەرک لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەبیری چووە، کە هەرێمی کوردستانیش مافی هەیە و مافەکانی پێ نادات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار