١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

فازڵ میرانی: جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنێکی زۆرباشیان بۆ مافەکانی گەلی کورد لا دروست بووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی) لە پێشوازیی شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر ڕایگەیاند، جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنێکی زۆرباشیان بۆ مافەکانی گەلی کورد لا دروست بووە و بە چاوی ڕێز و ستایشەوە سەیری خۆڕاگری و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە دەكەن، كە بەرگری لە ئەمن و سەقامگیری و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات.

ئەمرۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) پێشوازیی لە (نیك لاتا)، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و (جۆن شارب)، كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەریان كرد.

لە دیدارەكەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، (فازڵ میرانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و تیشك خرایە سەر پرسە گرینگەكانی ناوچەكە و عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان و قۆناغی دوای داعش لە عێراق تاوتوێ كرا.

لەلای خۆیەوە (نیك لاتا) سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و تەئكیدی كردەوە لەسەر بڕیاری حكوومەتی بەریتانیا بۆ بەردەوامیی پاڵپشتی و پێشكەشكردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، هەنگاوەكانی چارەكردنی كێشەكان و چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بەگرینگ زانی، کە تەواوی كێشەكان بە ڕێگای دیالۆگ چارە بكرێن و ئەوان خوازیاری تەبایی و یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانن بۆ ئەوەی سەقامگیری لە كوردستان بەردەوام بێت.

دواتر سكرتێری مەكتەبی سیاسی  باسی لە ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم كرد، كە مافێكی سروشتیی گەلی كوردستانە، لەدژی هیچ لایەك نییە و نابێتە مەترسی بۆ هیچ وڵاتێك و ئێمە هەردەم هەڵگری پەیامی ئاشتی بووینە و جەختی لێ دەكەینەوە، کە كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیریی ناوچەكە بووە و دەبێت.

هەروەها (فازڵ میرانی) تەئكیدی كرد، كە جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنێكی زۆر باشیان بۆ مافەكانی گەلی كوردستان لا دروست بووە و بە چاوی ڕێز و ستایشەوە سەیری خۆڕاگری و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە دەكەن، كە بەرگری لە ئەمن و سەقامگیری و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی دەكات.

لە كۆتاییدا هەردوولا پێداگرییان لەسەر بەهێزكردن و پتەوكردنی پەیوەندیی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا دژی تیرۆریستانی داعش كردەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار