١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی: ئەو جۆرە پەلامارە بەهیچ جۆرێك قابیلی قبووڵ نییە.. لە ئاكامی وجودی ناڕەوا و خۆسەپێنیی پەكەكەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لەبارەی بۆردوومانی چیای شنگال لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە پارتی ڕایگەیاند، "ئەو جۆرە پەلامارە گەر هەڵەش بێت بەهیچ جۆرێك قابیلی قبووڵ نییە"، لە ڕاگەیێندراوێکیدا پارتی دەڵێ، "جارێكی دیكە ئەو راستییە بە بیری هاووڵاتیانی خۆمان و هەموو لایەك دێنینەوەوە كە ئەم رووداوە و هەر رووداوێكی دیكەی هاوشێوە لە ئاكامی وجودی ناڕەوا و خۆسەپێنیی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستاندا."

دەقی راگەیاندراوێك لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فرۆكەكەكانی توركیا بنكەكانی پەكەكەیان لە چیای شنگال بە خەستی بۆردومان كرد. بەداخەوە لەو بۆردوومانەدا سەنگەرێكی پێشمەرگەش بەركەوت و ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون.

ئێمە لە كاتێكدا کە نیگەرانین بە لێدانی سەنگەر و بنكەكانی پێشمەرگەكانمان و بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕین و، تەئكید دەكەینەوە كە ئەو جۆرە پەلامارە گەر هەڵەش بێت بەهیچ جۆرێك قابیلی قبووڵ نییە، جارێكی دیكە ئەو راستییە بە بیری هاووڵاتیانی خۆمان و هەموو لایەك دێنینەوەوە كە ئەم رووداوە و هەر رووداوێكی دیكەی هاوشێوە لە ئاكامی وجودی ناڕەوا و خۆسەپێنیی پەكەكەیە لە هەرێمی كوردستاندا. وجودێك كە جگە لە شەڕ و گێچەڵ و رێگرتن لە ئاوەدانكردنەوە، هیچ سوود و قازانجێكی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبووە و نییە، ئەمە یەكەم جاریش نییە خەڵك و هاووڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی سیاسەتە ناكامەكانی پەكەكە كە گۆڕەپانی خۆی بەجێهێشتووە و بەناهەق شەڕی بۆ هەرێمی کوردستان گواستۆتەوە.

وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و هاوخەمیی خۆمان بۆ گیانی شەهیدە قارەمانەكانمان و خواستنی هیوای شیفا و چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانمان، جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە كە پەكەكە دەبێ شنگال و دەوروبەری چۆڵ بكات و ئەگەر كەمترین خەمخۆری بۆ خەڵكەكەی تێدایە با لێگەڕێت لە جیاتی بۆردوومانی فڕۆكەی توركیا، دەستی ئاوەدانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بگاتێ.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
25/4/2017

هەواڵی پەیوەندیدار