١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

"لە 25 ساڵی ڕابردوودا سەلمێندرا کە هەرێم بەشێکی گرینگی سەقامگیریی ناوچەکەیە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (هۆشیار زێباری) پێشوازیی لە شاندێکی سکۆتلەندا کرد و لە دیدارەکەدا باس لەوە کرا، هەرێمی کوردستان لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی، کە بەشیکی گرینگی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (هۆشیار زێباری) بە ئامادەبوونی (عیزەددین بەرواری) و (ڕەمزی شەعبان) و(عارف ڕوشدى) و (هۆشیار سیوەیلی) بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتى، پێشوازیی لە (رۆجەر مۆڵین)، ئەندامی پەرلەمانی بەریتاینا لەسەر پارتی نەتەوەی سكۆتلەندا و (دەیڤد پرات)، جێگری بەرپرسی سكۆتیش گلۆباڵ فۆرەم و (جەیمی بڕۆزەستن) لە دەزگای وێست مینیستەر بۆ دیمۆكراسی كرد.

سەرەتا (هۆشیار زێباری) بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرەخوشی و هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو كردەوە تیرۆریستییەی حەفتەی ڕابردووی لەندەن بە شاندی میوان گەیاند و ئومیدی زووچاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواست.

لە درێژەی دیدارەكەدا باس لە دواین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و كوردستان بەتایبەتی كرا و زێباری ئەوەی خستەڕوو، كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قوناغێكی هەستیاردا گوزەر دەكات و گەلی كوردستان لەم قۆناغەدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و ئەم بڕیارەش بە گفتوگۆ لە گەڵ بەغداد دەبێت.

هەرلەو دیدارەدا (هۆشیار سێوەیلی)، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سوپاسى پەرلەمان و گەلی سكۆتلەندای كرد بۆ ئەو بڕیارەی كە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا داویانە بۆ ناساندنی كارەساتی شنگال وەك جێنۆساید و، ئەو داخوازییەش كە پەرلەمان و حكوومەتی سكۆتلەندا ئاراستەی حكوومەتی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیای كردووە بۆ خستنەڕووی ئەو كارەساتە لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا باس لە پێوەندیی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و سكۆتلەندا كرا، کە چۆن سوود لە ئەزموونى یەكتر وەربگرن، لەكاتێكدا هەردوولا لە گەڵ حكوومەتی ناوەنددا لە گفتوگۆی ڕیفراندۆم و بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەدان.

دواتر شاندی میوان سوپاسی ئەو میواندارییەیان كرد و جەختیان لە گرینگی و هەماهەنگیی پێوەندییەكانی هەردوولا كردەوە و گوتیان، پێویستە بەهێزتر بكرێن و، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بانگێشت كرد، كە سەردانی سكۆتلەندا بكات و لە نیزیكەوە لەگەڵ پارتى نیشتمانى و پارتە سیاسییەكانى تر و حكوومەت و پارلەمانى سكۆتلەندا دیدار و گفتوگۆ بكەن، كە چۆن دەکرێت لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی و پێوەندی لەگەڵ حكوومەتی ناوەنددا هاوكاریی هەریمی كوردستان بكرێت.

لەو دیدارەدا بەوردی باس لە گرفتی ئاوارەكان و قەیرانی مرۆیی كرا و داوا كرا، هەوڵ بۆ هاوكاریی زیاتری ئاوارەكان بدرێت، کە بوونەتە زەختێكی زۆر بەسەر شانی حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانەوە و حكوومەتی فیدراڵیش نەک ئامادە نییە هاوكارییان بكات، بگرە بەشەبوودجە و دەرمان و شایستە دارایییەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیشی بڕیوە و ئەم ڕەفتارەش زیاتر وای كردووە، گەلی كوردستان بیر لە چارەسەرێكی تر بكاتەوە، كە بە ئازادی و سەبەرزی پاشەڕۆژی خۆی دیاری بكات و ژیان و سیستەمی سیاسی و ئابووریی خۆی لەسەر بنەمای دیموكراسی و بازاڕی ئازاد ڕێك بخات و، ئەمەش بە گفتوگۆ و لەیەكتێگەیشتن دەبێت و، لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەوەمان سەلماندووە، كە هەرێمی كوردستان بەشێكى گرینگە لە سەقامگیریی ناوچەكە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار