١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی: پەکەکە سەفەقاتی ژێربەژێرانەی موخابەراتی لەگەڵ رژێمه‌كانی ناوچه‌یی هه‌یه‌؛ بووه‌تە هێزی تەحتەلتەڵەب

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەینێت، پەکەکە دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمییانە تێکەڵ کردووە کە رێ لە بەئاواتگەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردان دەگرن و تەنانەت بووه‌تە هێزی تەحتەلتەڵەبی ئەو پیلانانە.

 

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی رەفتارەکانی پەکەکە لە رۆژئاوا کوردستان

بە نیگەرانییەکی زۆرەوە هەواڵی بارگرژییەکانی دروستكراوی ده‌ستی لقه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان دەبیستین، کە دیکتاتۆرانە رەفتار دەکات و بە زۆرە ملێ و هێزی چەک و تۆقاندن خۆی سەپاندووە و هەموو حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی خستۆتە ژێر ئیرهابی فیکری و سیاسییەوە و سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانیان راوەدوو دەنێ و زیندانەکانی پڕ کردووە لە خەباتگێڕانی کورد و گشت چالاکییەکی سیاسی قەدەغە کردووە و به‌بێ‌ هیچ پاساوێك هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانیان و تاڵانیان دەکات و دەیانسوتێنێ، ئێمه‌ لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای نیگەرانی زۆرمان، ئه‌م  جۆره‌ ره‌فتارانه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ و مه‌حكوم ده‌كه‌ین.

پەکەکە لە رۆژئاوا لەژێر ناوی پەیەدەدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەندامی حزبه‌كانی ئەنەکەسە و هەر حزبێکی تری غەیری پەکەکە بە تاوان لە قەڵەم دەدا و بە فیکر و رەفتار دژی هەموو بەها و دروشمێکی کوردستانی و سەربەخۆییخوازییە و دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمییانە تێکەڵ کردووە کە رێ لە بەئاواتگەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردان دەگرن و تەنانەت بووه‌تە هێزی تەحتەلتەڵەبی ئەو پیلانانە.

ئەم رەفتارانەی کە پەکەکە بە ناوی پەیەدەوە دەیانکات، جگە لە قۆرخکردنی کایەی سیاسی و هەموو شێوازەکانی چالاکی مەدەنییانە و دیموکراسی، هەروەها دژایەتییەکی رووهەڵماڵراوە بەرانبەر خەباتی چەندین ساڵەی گەلی کوردی خۆڕاگر لە رۆژئاوا لەپێناوی مافە رەواکانی. هاوکات کە پەکەکە سەفەقاتی ژێربەژێرانەی موخابەراتی لەگەڵ رژێمه‌كانی ناوچه‌یی دەکات و خۆی دەکاتە بەشێک لە پیلانێکی ئیقلیمی ئەنجام نادیار، قوربانیدانی کوردان و خوێنی هەموو ئەو گەنجە دلێرانە بە فیرۆ دەدات کە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لەپێناوی ئازادکردنی خاکی کورداندا گیانیان بەخت کرد.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی کوردستان

15/3/2017

هەواڵی پەیوەندیدار