١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
مەکتەبی سياسی

پارتی بۆ ساڵوەگەڕی راپەڕین؛ راپەڕین لە سەربەخۆیی کوردستاندا ئامانجەکانی بەدی دێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ـمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شکۆدارەکەی ٥ ئاداری ١٩٩١ بەیاننامەیەکی راگەیاند و تێیدا هالتووە کە راپەڕین لە سەربەخۆیی کوردستاندا ئامانجەکانی بەدی دێ، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

راپەڕینی گەلی کوردستان لە ئاداری ١٩٩١دا، بەرەنجامی خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی گەلی کوردستان و درێژکراوەی شۆڕشی رزگاریخوازیی نیشتمانی بوو کە لە دژی زوڵم و ستەمو ژێردەستەیی و لەپێناوی ئازادی و دیموکراتی مێژوویەکی پڕشنگداری، بە قوربانیدانی رۆڵەکانی تۆمار کردبوو.

راپەڕین وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلێک بوو کە حکومەتە شۆفێنییە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە هاوکاری داگیرکەرانی دیکەی نیشتمانی کوردستان لە ناوچەکەدا، ویستیان بەئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی جینۆسایدی بکەن. بەڵام دەرەنجام ئەوان لەناوچوون و گەلی کوردستان سەربەرزانە هەموو قۆناغە دژوارەکانی بڕی و بە هەورازە سەختەکاندا هەڵزنا وپەرلەمانی پێکهێنا و حکوومەتی دامەزراند و سەرکەوتنی یەک لەداوای یەکی هەڵچنی، بەو هۆیەشەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش متمانەی خۆی پێ بەخشی و بۆ پەیڕەوکردنی بەرژەوەندیهاوبەش رووی لە هەرێمی کوردستان کرد.

گەلی کوردستان کە خودان شانازییەکانی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ە بنەماکانی دیموکراسی سیاسی و کرانەوەی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی جیهانی هاوچەرخ ورووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و فیکری توندڕەوی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی رەگەزپەرستی کردە ئایدیای خۆی بۆ دامەزراندنی پێگەکانی دوارۆژی. بۆ بەدیهێنانی هەر یەک لەوپرینسیپانەیش دامەزراوە سەروەرییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کردە سیمبولی نیشتمان و گەلێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین کە لەژێر یەک ئاڵادا پێکەوە دەژین و پێکەوە کار بۆ ئایندەیەکیگەشتر دەکەن و قۆڵی مەردایەتییان لێ هەڵکردووە بۆ پاراستنی سەروەرییەکان و پیشخستن و گەشەکردنی زیاتر.

لە کاروانی پێشڤەچووی ئەنجامەکانی راپەڕیندا، گەلی کوردستان لە رێی نوێنەرایەتی سیاسی خۆیەوە دوای رووخانی رژێمی فاشی بەعس، بەشداری کارای لە پێکهێنانەوەی دەوڵەتیعێراقدا کرد لەسەر ئەو بنەمایە کە دەبێتە دەوڵەتی هەمووانی خودان دەستوور و ئیتر دیکتاتۆرییەتی سیاسی و هەژموونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی دی نامێنێ و کۆتایی بە زوڵمیئایینی و مەزهەبی دێت و سامانی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی و گەشەکردنی ئابووری بەکاردەهێنرێ نەک جەنگ و ماڵوێرانکردن، بەڵام ئەوانە نەهاتنە دی و جارێکی دیکە مەیل و خولیایدیکتاتۆریی سەریهەڵدایەوە و شەڕی مەزهەبی عێراقی گەیاندە لێواری داڕمان و هەموو توانستە ئابوورییەکان بۆ درێژەدان بە خوێنڕشتن خەرج کرایەوە و دواجار پشتکرایەوە بنەماکانیتەوافوق و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دەستکرایەوە بە سزادانی گەلی کوردستان لە رێی بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانییەوە.

لەبەرئەوەی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێم تەسلیم بە سیاسەتی مل پێ کەچکردن نەبوون و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی پۆڵایین و بڕیاری دروستەوە بەرەنگاری بوونەوە، بۆیەپیلانگێڕی دژی گەلی کوردستان بەوەندەوە نەوەستا بەڵکو شەڕێکی نەگریسی مەترسیداری کرا بە تووشەوە و دڕەندەترین رێکخراوی پڕ چەکی لە چەکەکانی سوپای شکستخواردوویعێراق، بە درێژایی سنوورەکەی کرا بە گژدا. هەروەها حکومەتی عێراق پشتی کردە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەبووی شەڕی مەزهەبی و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و گەلیکوردستانیش جگە لە شەڕی دلێرانە بەرامبەر تیرۆریستان دەبوا ئەو هەموو ئاوارەیەش بەخێو بکات و بپارێزێ. هەڵبەت لە قۆناغی داهاتووی ئەو شەڕەدا دەرکەوت کە ئەم شەڕە تەنیاشەڕیکی خۆجێیی سنووردار نییە، بەڵکو شەڕێکی نێودەوڵەتییە کە چارەنووسی هەموو جیهانی ئازاد و پیشکەوتووی پێوە بەندە، ئیتر گەلی کوردستان بووە پارێزەری ژیان و ئاسایشیجیهان و داڕێژەرەوەی ناوچەکە و هەموو ستوونەکانی واقیعێکی نوێ لە شوێنی ئەو واقیعە دژوارەی زیاتر لە سەدەیەکە گەلانی ئەم ناوچەیەی کردۆتە قوربانی سیاسەتە شۆفێنییە دژیمرۆڤایەتییەکان.

ئێستا دوای تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلی کوردستاندا و پاش کەڵەکەبوونی ئەزموونەکانی خۆمان لە جۆری پەیوەندیمان لەگەڵ بەغداد و حوکمڕانیی خۆماڵی و ئاستیپەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رۆلمان لە داڕشتنی سیاسەتی هەرێمایەتی و جیهانیدا، قۆناغێکی نوێی بەدیهێنانی ئامانجەکانی راپەڕین پێگەیشتووە و پێویستە ئەم دەرفەتەبە وریاییەوە بقۆزینەوە و نەهێڵین بێ بەرهەم تێبپەڕێت. هەروەها لە ئەنجامی شەڕی دلێرانەی پێشمەرگەی کوردستان و تێکشکاندنی دەوڵەتی تیرۆر، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرچاویرۆشن بۆتەوە بەرامبەر بە رەوایەتی دۆزی نیشتمانیی گەلی کوردستان و ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرەی کە ئەم گەلە گەلێکی ئاشتیخوازی ژیاندۆستە و هەنگاوەکانی تەریبە بە هەنگاوەکانیجیهانی هاوچەرخ و پرینسیپ و دیدگاکانی مەدەنیانەیە و دەیەوێ دراوسێی باشی گەلانی ناوچەکە و دۆستی باشی وڵاتان بێ و رێز لە سەروەرییەکانیان بگرێ و چالاکترین رایەڵەیپەیوەندی و هاوبەرژەوەندی لەگەڵ هەموواندا راکێشێ، بۆیە پشتیوانی لە ئیرادەی ئازادانەی گەلەکەمان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی دەکەن.
کەواتە ئەم قۆناغە قۆناغی گەیشتنە بە ترۆپکی ئامانجەکانی راپەڕین کە سەربەخۆیی کوردستانە.

ژێردەستەیی هۆکاری هەرە بنەڕەتی هەموو زوڵم و ستەمێکە کە بەرامبەر گەلەکەمان کراوە، بۆیە گەیشتن بە لووتکەی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نیشتمانیمان،بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە و تێگەیشتنی واقیعبینانەیە لە دۆخی دەوڵەتی عێراق کە نوخبەی سیاسی دەسەلاتدار هەرگیز نەیویست ببێتە دەوڵەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە وشەراکەتی راستەقینە، بەڵام ئێمە دەتوانین لەرێی دانووستان و گفتوگۆی راشکاوانەوە لەگەڵ ئاواندا ببینە دوو دراوسێی باشی یەکتر.

گەلی ئێمە کە ئامادە بووە بۆ پێکەوەژیان هەموو شێوازەکانی رێکخستنی دەوڵەت لەگەڵ برا عەرەبەکانی تاقی بکاتەو و هەموو جارێکیش بە هەڵگەڕانەوەی دەسەڵاتداران لە گەلیکوردستان کۆتایی هاتووە، ئیتر شێوازێک نەماوە بۆ تاقیکردنەوە، بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە کە پێکەوە بنەماکانی پێکەوە هەڵکردنی هاوبەرژەوەندی پەیڕەو بکەین وەکوو دوو دەوڵەتیدراوسێ یان هەر شێوازێکی دیکە کە گەلەکەمان لە ریفراندۆمدا بڕیاری لەسەر دەدات.

وڵاتانی ناوچەکەیش پێویستە رێز لەم بژاردەیە بگرن و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ئەم گۆرانکارییە حەتمییە بکەن کە روودەدات و پێکەوە بەرژەوەندی هاوبەش دابڕێژین و دەرگا لەسەرئایندەیەکی ئارام لە ناوچەکەدا بکەینەوە و دوور لە خۆسەپاندن و پیلانگێڕی و کیشەنانەوە، دەڤەرێکی نوێ بنیات بنێین کە مایەی سەقامگیری و ئاشتەوایی بێت بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتیناوەڕاست و گشت جیهان.

لەم بۆنەیەشدا و لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان لە دیدگای ئێمەوە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای بەرنامەی سەرۆک بارزانی بۆچارەسەرکردنی کیشەکان بە رێکخستنەوەی دامەزراوەکان، باشترین رێگەچارە و بژاردەیە کە گەلەکەمان ساز و ئامادە دەکات بۆ پێشوازی لە سەربەخۆیی و کارکردن لە قۆناغێکی نوێیپێشکەوتووی خەباتیدا. هەر ئەم بژاردەیەش کوردستان دەپارێزێ لە پیلانگێڕیی ئیقلیمی کە نیازیەتی هەنگاوەکانی سەربەخۆییمان دوابخات و هەندێ گروپ و هێزی چەکدار و میلیشیاییمەزهەبی بەکاردەهێنن بۆ ئاژاوەنانەوە و دروستکردنی پشێوی کە دەرەنجام دەرگا لەسەر دەستێوەردانی هەمەچەشنە لە دژی گەلەکەمان دەکەنەوە.

گەلی کوردستان راپەڕیوە و قوربانی بەخشیوە و لە جیاتی خۆی و هەموو جیهان شەڕی داعشی سەربەرزانە بردۆتەوە و نەیهێشتووە بکرێتە بەشیک لە شەری مەزهەبی بێزراو لە عێراقو ناوچەکەدا، بۆیە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکاندا سەربەخۆیی مافی رەوایەتی. هەروەها خۆی خاوەنی نیشتمان و دەستکەوتەکانییەتی و حکومەتی هەرێم حکومەتی خۆیەتیو بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەبێ رێز لە ئیرادەی ئەم گەلە بگیرێ، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی هیچ کەس و لایەنێک بە وەسی لەسەر خۆی قبووڵ ناکات و شێلگیرانەشهەنگاو بۆ پێشەوە دەنێ و کۆسپەکان تێدەپەڕێنێ و سەرکەوتنیش هەر بۆ ئەو دەبێ و ئەوانەیشی رۆژێک لە رۆژان بوونەتە تەگەرە لە رێیدا شەرمەزاری مێژوو دەبن وەکوو ئەوانی پیشخۆیان.

گەلی کوردستان لە یادی بیست و شەش ساڵەی راپەڕیندا دووپاتی دەکاتەوە کە گەلێکی ئاشتیخوازە و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان رادەکێشێ و پابەندە بە گشتپرینسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هاوسێیەتی باش و دژی تیرۆر و رەگەزپەرستی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەوانی تردا دەوەستێتەوە...

کوردستان نیشتمانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان بووە و هەروا دەمێنێ...

دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١، لە شاری رانیەی دەروازەوە تا کەرکوکی دڵی کوردستان....

سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێی رزگاری و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا بەخشی...

سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان..

شکۆدار بێ یادی راپەڕین... 

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ی ئاداری ٢٠١٧

 

هەواڵی پەیوەندیدار